رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی فەرەنسیی "دانیێل میتێران" بە فەرمی وەکو قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی ناسێندرا و وەرچەرخانێکی نوێی لە سیستمی پەروەردەیی خۆیدا راگەیاند. قوتابخانەکە کە لە ساڵی 2009ـەوە بڕوانامەی فەرەنسی بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەدات، ئێستا پرۆگرامی ئینگلیزییش بۆ سیستمی خوێندنەکەی زیاد دەکات.
لە رێوڕەسمەکە شێری تاڵەبانی، سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکە لەبارەی ئەم هەنگاوە نوێیەوە رایگەیاند: "قوتابخانەکەمان دەرگای خۆی بەڕووی هەموو خوێندکاران دەکاتەوە و زیاتر بەرەو نێودەوڵەتیبوون دەچێت. پرۆگرامی خوێندنمان فەرەنسی دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئینگلیزی زیاد دەکەین، ئەمەش وادەکات خوێندکاران فێری فرەزمانی ببن؛ لەوانە فەرەنسی، ئینگلیزی، کوردی و ئیسپانی."
نیشە زەنگەنە، قوتابی لە پۆلی 11ی ئامادەییە، پێشتر لە وڵاتی کەنەدا ژیاوە و ئێستا لەم قوتابخانەیە دەخوێنێت، خۆشحاڵی خۆی بە نێودەوڵەتیبوونی قوتابخانەکەی دەربڕی و گوتی: "ئەم هەنگاوە زۆر یارمەتیدەری قوتابییانە، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلی 12ن و خوێندن تەواو دەکەن؛ بۆ نموونە ئێستا من دەتوانم دوای تەواوکردنی خوێندن، لە هەر وڵاتێکی جیهان بژاردەی خوێندنم هەبێت."
بەگوێرەی پلانی نوێی قوتابخانەکە، گرنگییەکی تایبەت بە فێربوونی فرەزمان دەدرێت. هەژار حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی دانیێل میتێران ئاماژەی بەوە کرد کە وەکو هەنگاوی یەکەم، ئەم پرۆسەیە بەشەکانی بنەڕەتی و ناوەندی دەگرێتەوە و گوتی: "40٪ـی پرۆگرامەکە بە زمانی ئینگلیزی، 50٪ بە زمانی فەرەنسی و 10٪ـەکەی دیکە بە زمانەکانی دیکە دەخوێندرێت."
یان برایم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و رایگەیاند: "ئەمە دەبێتە هۆی بەردەوامیی هاوبەشییەکی بەهێز لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش، کوالێتییەکی زۆر بەرزی پەروەردە پێشکێش دەکرێت، کە مانای ئەوەیە گەلی کورد دەستی بە پەروەردەیەکی ئاستبەرز دەگات."
قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە بە زمانەکانی فەرەنسی، کوردی، ئینگلیزی، ئیسپانی و عەرەبی وانەکانیان دەخوێنن، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئاشنابوونیان بە کولتوورە جیاوازەکان لە تەمەنێکی زووەوە.
لە سەرتاسەری جیهاندا 600 قوتابخانەی نێودەوڵەتیی "دانیێل میتێران" هەن، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش تەنیا دوو قوتابخانە هەن کە دەکەونە شارەکانی هەولێر و سلێمانی.



