رووداو دیجیتاڵ
کۆرپەیەکی کوڕ کە تەنیا نیو کاژێر دوای لەدایکبوونی لەسەر رێگەیەکی گوندی سنووری قەزای داقووق فڕێدرابوو، ئێستا لە نەخۆشخانەیە و تەندروستیی باشە، لە کاتێکدا دەیان خێزان داوای لەخۆگرتنی دەکەن.
کۆرپەکە کوڕە و لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. پەرستارانی نەخۆشخانەکە خزمەتی دەکەن و شیر و پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکەن.
یوسرا سەلام، پەرستار لە نەخۆشخانەی گشتیی داقووق، بە رووداوی گوت، "منداڵەکە لە بەشی بەنەکامی نەخۆشخانەی گشتیی داقووقە و ئێمە زۆر گرنگیی پێدەدەین و پشکنین و چارەسەری بۆ دەکەین. خەڵکی خێرخوازیش پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکات. ئێمە چاوەڕێی ئەوەین دادگە بیبەخشێتە خێزانێک تاوەکو بەخێوی بکەن، چونکە مانەوەی لێرە گوناحە و هەرچەند خزمەتیشی بکەین، وەک دایکی خۆی نابێت."
لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا، بە دەیان خێزان بۆ لەخۆگرتن و بەخێوکردنی کۆرپەکە سەردانی نەخۆشخانەی داقووقیان کردووە و ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
د. سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق، رایگەیاند، "کاتێک هێنرایە ئێرە، تەمەنی تەنیا نیو کاژێر بوو، هێشتا ناوکیشی نەبڕابوو. ئێمە وەک نەخۆشخانە وەرمانگرت و چارەسەریی پێویست و بەپەلەمان بۆ کرد. ئێستا خەڵکێکی زۆر داوای دەکات، بەڵام ئەو رێکارە لەلای ئێمە نییە و لەلای تەندروستیی کەرکووکە."
پۆلیسی داقووق بەدوای دایک و باوکی کۆرپەکەدا دەگەڕێت و دادگەی کەرکووکیش دۆسیەی بۆ کردووەتەوە و چاوەڕێی دۆزینەوەی خێزانێکی شیاو دەکات بۆ ئەوەی کۆرپەکەیان پێ ببەخشێت.


.jpg&w=3840&q=75)