رووداو دیجیتاڵ
شاری وان لە باکووری کوردستان، کە بە کولتووری دەوڵەمەندی نانی بەیانی ناسراوە، یادی "رۆژی جیهانیی نانی بەیانی" کردەوە؛ سەرۆکی ژووری بازرگانیی شارەکەش دەڵێت، بنەمای ئەم ناوبانگە پشت بە زیاتر لە سێ ملیۆن ئاژەڵ دەبەستێت و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن.
نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نوورۆژی رووداودا رایگەیاند، نانی بەیانیی وان تەنیا خواردن نییە، بەڵکو سیستمێکی ئابووریی فراوانە. گوتیشی: "بنەمای ئەم دەوڵەمەندییە، کەرتی ئاژەڵدارییە. لە وان سێ ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووک هەن کە راستەوخۆ پشتگیریی بەرهەمەکانمان دەکەن."
نانی بەیانی بەشێکە لە ناسنامەی رۆژانەی خەڵکی وان. تەکڤا دەڵێت: "بە سەدان چێشتخانەی نانی بەیانی لە وان کار دەکەن و نزیکەی 500 کەس بە شێوەیەکی راستەوخۆ بژێوییان لەوێ دابین دەکەن. لە شارەکەمان 160 هەزار خێزان هەن و نانی بەیانی هەموو بەیانییەک وەک نەریتێکی رەسەن ئامادە دەکرێت."
چیرۆکی جیهانیبوونی نانی بەیانیی وان لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک بە کۆکردنەوەی 51,793 کەس لە دەوری خوانێک، رێکۆردی جیهانیی گینسیان لە ئەمریکا وەرگرت؛ دواتر بە پشتیوانیی یونسکۆ، ئەو رۆژە وەک "رۆژی جیهانیی نانی بەیانی" پەسند کرا.
ئەمساڵ یادەکە بە بەشداریی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوون لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک لە کارسازان.
نەجدەت تەکڤا، ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستانی بە گرنگ وەسف کرد و گوتی: "ئێمە بە خوانی نانی بەیانی دەڵێین 'خوانی ئاشتی'. تەنیا لە ساڵی 2023دا چوار جار بە شاند سەردانی هەرێمی کوردستانمان کردووە و داواکارین پەیوەندییە دۆستانە و بازرگانییەکانمان پەرە بسێنن."
لە کاتێکدا هاتنی گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ وان کەم بووەتەوە، بەرپرسانی شارەکە بە شێوەیەکی ستراتیژی روویان لە باشووری کوردستان کردووە. تەکڤا لەو بارەیەوە گوتی: "بەهۆی دۆخی ئێستاوە ژمارەی گەشتیارانی ئێران کەم بووەتەوە، بۆیە پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە نموونەیەکی زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا."
خوانی نانی بەیانیی وان، کە بە پەنیرە گیایی، هەنگوین، کەرە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناسراوە، ئێستا تەنیا ژەمێکی خواردن نییە، بەڵکو بووەتە پردێکی دیپلۆماسی و ئابووری لەنێوان باکوور و باشووری کوردستاندا.

.png&w=3840&q=75)

