رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە رێگەی 11 سایلۆ و دەیان کۆگا و پەنکەرەوە، توانای وەرگرتنی نزیکەی 800 هەزار تۆن گەنمیان هەیە و کارکردنیش لە دروستکردنی سێ سایلۆی نوێ بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا 11 سایلۆمان هەیە کە ساڵەنە گەنم وەردەگرن، لەگەڵ 49 پەنکەر و ساحەی وەرگرتن و کۆگای داخراوی وەرگرتنی گەنم."
بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی وردەکاریی توانای کۆگەکانی بۆ رووداو خستەڕوو و رایگەیاند، کۆی گشتیی توانای وەرگرتن بەم شێوەیە:
توانای 11 سایلۆکە: زیاتر لە 485,000 تۆن.
توانای 49 پەنکەرەکە: 246,000 تۆن.
توانای کۆگا داخراوەکان: 56,000 تۆن.
ساحەکانی وەرگرتنی گەنم: 11,150 تۆن.
بەپێی ئەم ژمارانە، ئێستا هەرێمی کوردستان توانای وەرگرتنی 798 هەزار و 150 تۆن گەنمی هەیە.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، سایلۆکانی (زاخۆ، فەیدی، شێخان، رۆڤیا، هەولێر، قوشتەپە، پیرەمەگروون، راپەرین، چەمچەماڵ، سەیدسادق و گەرمیان) ساڵانە گەنم وەردەگرن، هەروەها لەگەڵ دوو بنکەی وەرگرتن لە هەڵەبجەی شەهید و کۆیە.
لەبارەی پڕۆژە نوێیەکانیش، بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "ئێستا کار لەسەر دروستکردنی سێ سایلۆی نوێ دەکرێت لە هەڵەبجە، کۆیە و زاخۆ. سایلۆی هەڵەبجە زیاتر لە 75%ـی کارەکانی تەواو بووە و توانای وەرگرتنی 40,000 تۆن گەنمی هەیە، بەڵام ئەم ساڵ ناتوانێ وەربگرێ."
هەروەها باسی لەوەش کرد، کە سایلۆی زاخۆ بە توانای 60,000 تۆن و سایلۆی کۆیە بە توانای 50,000 تۆن، تەندەریان بۆ دەرچووە و دەست بە کارەکانیان کراوە، کە بە تەواوبوونیان توانای وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
پار حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، هەر یەک تۆن بە 800 هەزار دینار.
.jpg&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)