رووداو دیجیتاڵ
بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵی کۆچی دوایی هاوکارمان هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا رادەگەیێنێت.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا؛ دوای ئەوەی لە رێگەی نێوان بەغدا و بەسرە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ ببوو.
هەڵکەوت، پەیامنێرێکی لێهاتوو، ماندوونەناس و ئەندامێکی دڵسۆزی خێزانی رووداو بوو. ئەو هەمیشە بە متمانە و، راستگۆیی و پیشەییبوونەوە رووماڵی رووداوەکانی دەکرد. بەهۆی پابەندبوونی بێپایانی بە کارەکەیەوە، شوێنپەنجەیەکی روون و کاریگەری لەسەر شاشە و لەنێو دڵی هاوکاران و خەڵکی کوردستان جێهێشت.
هەڵکەوت عەزیز، کە خەڵکی شاری کەرکووک بوو، لە ساڵی 1989دا لە ئاوارەییدا لە شاری هەولێر لەدایکبووە. ئەو بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک بەدەستهێنابوو، نزیکەی 16 ساڵیش لە بواری میدیادا خزمەتی کرد.
لە 20ی کانوونی یەکەمی 2015ـەوە پەیوەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە کرد؛ لەو ماوەیەدا بەرهەمی ناوازە و راپۆرتی لەیادنەکراوی پێشکێش کردن. رووماڵە بەرفراوانەکەی بۆ خۆپێشاندانەکانی بەسرە لە حوزەیرانی 2018، لەگەڵ راپۆرتە هەستهەژێنەکانی لەبارەی دۆزینەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان لە بیابانەکانی سەماوە لە تەممووزی 2019، تەنیا نموونەیەکن لە لێهاتوویی و چاونەترسیی ئەو لە گواستنەوەی راستییەکاندا. ئەو بە زمانێکی مرۆیی بەهێز، چیرۆکی ئەو منداڵە ئەنفالکراوانەی گێڕایەوە کە لەکاتی گولـلەبارانکردندا خۆیان بە باوەشی دایکیاندا نووساندبوو.
کۆچی لەناکاوی هەڵکەوت عەزیز شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموومان. ئەو تەنیا رۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو بە میهرەبانی، بەخشندەیی و رووخۆشییەکەی، خۆشەویستی هەمووانی بەدەستهێنابوو. خزمەت، دڵسۆزی و گیانی زیندووی هەڵکەوت هەمیشە لە یادی رووداودا دەمێننەوە.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی ماڵبات، کەسوکار، هاوڕێیان و تەواوی بینەر و بیسەر و خوێنەرانی رووداو دەکەین. لە خودای مەزن داواکارین سەبووریی هەموولایەک بدات و کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
یادی هەمیشە بەخێر و ئارامی بۆ رۆحی پاکی.
تۆڕی میدیایی رووداو
8-6-2026



.jpg&w=3840&q=75)