مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە ژیان ئاواییکردنی، گەنجێکی نیشتمانپەروەر و رۆژنامەڤانێکی دیار و سەنگینمان لەدەستدا."
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ 8-6-2026 بڵاوکراوەتەوە، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کردووە کە بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی ئەو رۆژنامەڤانە "دڵتەنگ و خەمبار" بووە و دەڵێت: "کاکە هەڵکەوت میدیاکارێکی بوێر و دڵسۆز بوو، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ پیشەکەی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان هەبوو و لەم پێناوەشدا ماندوونەناسانە کاری
دەکرد."
مەحموود محەممەد، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئاکۆ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، هاوکاران و هاوپیشەکانی هەڵکەوت عەزیز و سەرجەم رۆژنامەڤانانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "سەبووری و دڵنەوایی بۆ خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێیانی دەخوازم و هاوبەشی خەمیانم."
مەرگی هاوکارمان و رۆژنامەڤانی دیاری کوردستان، هەموو کوردستانییانی تاساند. دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.



