رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە لە گەڕان بەدوای منداڵێکی 11 ساڵدا بەردەوامن کە لە هاوینەهەواری زەڵم لە پارێزگای هەڵەبجە دیارنییە و گومان دەکرێ کەوتبێتە نێو ئاوی زەڵمەوە.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە هاوینەهەواری زەڵم، "منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە عێراقەوە هاتبوون، دیار نەما."
زانیار عومەر گوتی، بە گوتەی خێزانەکەی، گومان دەکرێ منداڵەکە کەوتبێتە نێو ئاوی زەڵمەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، لە دوێنێوە تیمەکانیان لە گەڕان بەدوای منداڵەکەدا بەردەوامن، بەڵام بەهۆی زۆریی ئاوەکەوە پرۆسەی گەڕانەکە ئاڵۆزە.
زانیار عومەر باس لەوەدەکات، بڕیار دراوە ئەمڕۆ هاوینەهەواری زەڵم بەتەواوی دابخرێ تاوەکو ئەو کاتەی چارەنووسی منداڵەکە دیاری دەکرێ و هەربۆیە داوا لە گەشتیاران دەکەن روو لەو هاوینەهەوارە نەکەن.



