رووداو دیجیتاڵ
فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەخۆشیی خۆی و کۆنسووڵخانەکەی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەربڕی.
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کراوە، فەرامەرز ئەسەدی دەڵێت: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پەیامنێری بەڕێز و چالاکی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، خوالێخۆشبوو هەلکەوت عەزیزمان پێگەیشت."
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "من بەناوی خۆم و هاوکارانم لە کۆنسووڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ئەم کۆچە ناخۆشە لە جەنابت، خانەوادەی بەڕێزیان، بەشە جیاوازەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و هەموو هاوکارە خەمبارەکانی سەرەخۆشی دەکەین."
لە کۆتایی پەیامەکەدا، فەرامەرز ئەسەدی هیوای بەزەیی و لێخۆشبوونی خوای بۆ کۆچکردوو خواستووە و هیوای سەبووری و ئارامی بۆ بنەماڵەکەی و هاوکارانی لە رووداو خواستووە.
هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، رۆژی دووشەممە 08-06-2023 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی بەغدا - بەسرە گیانی لەدەستدا.




