رووداو دیجیتاڵ
لەو گوندەی ساڵانە بە دەنگی گۆرانی و هەڵپەڕکێی نەورۆز دەلەرزێت، ئێستا بێدەنگییەکی ترسناک باڵی بەسەردا کێشاوە. لە بناری قەندیل، لەو کێوانەی کە تەنانەت بۆ گەورەکانیش پڕن لە مەترسی، دۆزینەوەی ئێسک و پرووسکی منداڵێک ترسەکەی زیاتر کردووە.
هەڵمەتێک بە نیوەچڵ جێهێڵدرا
چیرۆکەکە لە 22ی ئایاری مانگی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک یاد سەربازی تەمەن چوار ساڵان لە ماڵی باپیرەی لە گوندی ئێندزێ ون بوو، خەڵکەکە بە پەرۆشەوە روویان لە چیاکان کرد. بەڵام ئاسایشی بناری قەندیل (سەر بە تەڤگەری ئازادی-پەکەکەی پێشوو) دوای تەنیا دوو کاژێر و نیو، بە هۆکارێکی نادیار گەڕانەکەیان راگرت.
یەکێک لەوانەی لە هەڵمەتەکەدا بووە، گومانەکانی بۆ "رووداو" ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئێمە ئەو شوێنەی ئێسک و پرووسکەکەی لێ دۆزراونەتەوە گەڕاین، بەڵام شەو بوو نەبینرا. جا نازانین ئەو کاتە لەوێ نەبوو یان تاریکی رێگەی نەدا بیبینین؟"
گوندی ئێندزە دەکەوێتە ناوجەرگەی بناری قەندیل و سەر بە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، کە ناوەندی تەڤگەری ئازادیی کوردستان (بەشی کۆمەڵایەتی) لەوێیە و ساڵانە ئاهەنگی نەورۆزی بناری قەندیل لەو گوندە سازدەکرێت.
ئاسایشی بناری قەندیل بۆ رووداو: هەڵمەتە میدیاییەکان، وایان کرد دۆسیەکە رادەستی ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین بکەین
هەر ئەوکاتە لەگەڵ بەرپرسێکی ئاسایشی بناری قەندیل قسەم کرد و پێی گوتم: "ئێمە جگە لە تیمەکانمان، گوندنشین و هاونیشانیانی دەرەوەی ناوچەکە، لە رێگەی کامێرای چاودێری و هەڵدانی درۆن (فڵای کام)ـەوە گەڕانەکانمان بۆ یاد سەرباز چڕکردەوە."
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئەوەی وایکرد ئێمە گەڕانەکەمان رابگرین، بڕیارێک بوو لە سەرووی خۆمانەوە بۆمان هات لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە میدیاییانەی کە لەدژمان دەگیرانە بەر و تۆمەتبارکردنی ئێمە بە رفاندنی منداڵەکە."
نهێنیی نێو 'سوولێ قەلێتان'
دوای 15 رۆژ لە ونبوونی یاد، دوو هاونیشتیمانی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە بۆ کەما و رێواس روویان لە ناوچەی "نێڵێ" کردبوو، لەژێر تاڤگەیەک بە ناوی (سوولێ قەلێتان) رووبەڕووی دیمەنێکی تۆقێنەر بوونەوە. لەوێ، لە دووریی 800 مەتر لە پشت گوندەکەوە، پارچە ئێسک و جلوبەرگی منداڵێک کەوتبوون. بە رووبەری 70 مەتر چوارگۆشە جلوبەرگ و پێڵاوەکانیان دۆزییەوە.
هیچ گۆشتێک بە ئێسک و پرووسکەکانەوە نەماوە
بۆ وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان قسەم لەگەڵ چەندین کەس لەوانەی لە گەڕانەکەدا بەشدار بوون و شایەتحاڵ بوون کرد، لەو پاشماوەیەدا تەنیا کەللـەسەر و ئێسکی دەست و قۆڵ و پەراسووەکان ماونەتەوە. هیچ گۆشتێک بە ئێسکەکانەوە نەماوە، ئەمەش نیشانەی پرسیار لەسەر کاتی گیانلەدەستدانەکە و هۆکارەکەی دروست دەکات. لە تەنیشت ئێسکەکان، فانیلەیەک دۆزراوەتەوە کە ژمارە 20ـی بە لاتینی لەسەرە؛ هەمان ئەو جلەی یاد لە دوایین وێنەیدا پۆشیبووی.
مەحاڵەکان لە بناری قەندیل
بەڵگەیەک کە گومانی "دەستی ئەنقەست" لەم کەیسەدا بەهێز دەکات، تۆپۆگرافیای ناوچەکەیە. ئەو شوێنەی ئێسکەکانی لێ دۆزراوەتەوە، 40 خولەک بە پێ لە گوندی ئێندزێوە دوورە. خزمێکی نزیکی یاد بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی گوت: "منداڵێکی چوار ساڵان چۆن دەتوانێت بگاتە ئەو شاخ و دۆڵە؟ ئێسکەکان تەنانەت براونەتە ئەوبەری رووباریش. مەگەر کەسێکی بەتوانا بردبێتی، ئەگینا بۆ منداڵێک ئەوە مەحاڵە."
چاوەڕوانییەک لەنێوان ئومێد و DNA
ماڵباتی یاد کە دانیشتووی هەولێرن، ئێستا لە دۆخێکی دەروونیی سەختدان. ئەوان رەتیان کردووەتەوە پرسە دابنێن تاوەکو ئەنجامی پشکنینی زانستیی دادپزیشکی سلێمانی دەرنەچێت. باوکی یاد لە پەیامێکی پڕ لە کۆڤان و ئازاردا لە فەیسبووک نووسیویەتی: "حەقت نافەوتێت، دڵنیابە بکوژەکە بە سزای خۆی دەگەیێنین."
چاوەڕێی چی بین؟
ئێستا ئێسکەکان لە تاقیگەکاندان و چاوەڕێی پشکنینی DNA دەکەن تاوەکو یەکلایی بکرێتەوە کە ئایا ئەم پاشماوانە هی یادی ونبوون یان نا. دادپزیشکی سلێمانی بە ئارێز خالید، پێشکێشاری رووداوی راگەیاند، ئێسک و پرووسکی زیاتر لە شوێنی ونبوونەکەدا دۆزراونەتەوە و چاوەڕێین ئەوانیشمان بۆ بهێندرێن، پاشان بڕیار لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەدەین. بەڵام گەورەترین پرسیار کە هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە ئەوەیە: دۆسیەی منداڵێکی بچووکی بێ تاوان بۆ وای لێهات؟ بۆ یاد دەکوژرێت؟ کێ دەستی دەچێتە منداڵێکی بچووکی بێ تاوان؟ نهێنییەکی قوڕس لە هەناوی قەندیلدا شاردراوەتەوە کە رەنگە دادپزیشکی تەنیا سەرەداوێکی لێ ئاشکرا بکات.


