رووداو دیجیتاڵ
تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیان پێکرد، لەنێویاندا زیاتر لە 1200 قوتابی بەشی خوێندنی کوردی لە شنگال هەن کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەیانەوە تاقیکردنەوەکانیان لە پارێزگای دهۆک دەکەن.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، عەبدولسەلام کەمال، بەرپرسی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەی قوتابیەکانمان لە شنگال 1,260 کەسە کە تاقیکردنەوەکانیان لە پارێزگای دهۆک دەکەن."
بە گوتەی عەبدولسەلام کەمال، بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیان دابین کراوە؛ هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری بەسەر قوتابیان دابەش دەکات.
بەرپرسی یەکێتیی قوتابیان لە شنگال گوتی: "سەبەتەی خۆراک بەسەر قوتابیان دابەشکراوە و هەموو پێداویستییە رۆژانەکانی قوتابیان تێدایە."
سەبارەت بە چوونی قوتابیانیش بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و گەڕانەوە بۆ بەشە نێوخۆییەکان، لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە.
عەبدولسەلام کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، دوورکەوتنەوە لە زێدی خۆیان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر قوتابیان هەیە و گوتی: "کاریگەرییەکی زۆر لەسەر قوتابیان دروست دەبێت کاتێک لە ناوچەکەی خۆیان دووربن و نەتوانن لە ناوچەکەی خۆیان تاقیکردنەوە بکەن. بەڵام قوتابییەکانی ئێمە لە شنگال هەمیشە لەوانەن بەرزترین نمرە بەدەستدەهێنن."
رۆژی شەممە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سەرتاسەری عێراق دەستیانپێکرد و زیاتر لە 749,000 قوتابی بەشدارن. قوتابیانی بەشی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ عێراق تاقیکردنەوە دەکەن.



