رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو بڕیاردرا بە خەرجکردنی بڕی شەشەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێ، ئەم هەفتەیە دابەشکردنی پارەکە لە هەولێر و دهۆک دەستپێدەکات.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، واتە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی پارەکە لە هەولێر و دهۆک بکەین."
لەبارەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، ئەوەش بەهۆی تەواوکردنی رێکارەکانەوە.
ئەو پارەیەی دابەشدەکرێ، بڕی شەشەمی پارەی گەنمی جووتیارانە، کە کۆی گشتییەکەی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینارە و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە:
13 ملیار و 717 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێرە
16 ملیار و 858 ملیۆن دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە
10 ملیار و 875 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای دهۆکە
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، هێشتا بڕی 141 ملیار و 755 ملیۆن دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیاران لای حکومەتی فیدراڵی ماوە.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابوو، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەرگیرا و ئەوەی بەشێوازی کۆن ئاودرابوو هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەرگیرا.



