رووداو دیجیتاڵ
گەیشتن بە (سفر) لە ژمارەی قوربانییانی هاتووچۆ خەونە یان راستی؟ لە ماوەی هەشت ساڵدا چوار هەزار و 109 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ بوو؛ ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە بچووکەکان تێیدا بەشدار بوون. لە بەرنامەکەدا باسی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ کرا، کە بارهەڵگرەکان تێیدا لایەنێکی سەرەکین.
لە کاتێکدا شۆفێرانی بارهەڵگر گلەیی لە "خراپی رێگەکان و بێسەروبەریی ئۆتۆمبێلە بچووکەکان" دەکەن، هاونیشتمانییانیش (باری زیادە، تیژڕەوی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان) وەک هۆکاری سەرەکی دەبینن.
جەنگی سەر شەقامەکان؛ شۆفێران قسە دەکەن
لە راپۆرتێکی مەیدانیی بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا، شۆفێران بۆ رووداو دواون. عەتا محەممەد، شۆفێری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت:"بە زاتی خوا رووداوی هاتووچۆ خەتای شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە نییە، کابرا رووبەڕوومان دێت، هۆڕنمان بۆ لێدەدا و جنێویش دەدا".
گوتیشی: "ئۆتۆمبێلی بچووک زۆر ماندوومان دەکەن، ئێمە ئۆتۆمبێلەکانمان گەورەن و دەیان تەن باریان لێ باردەکەین، دەبێت لە لۆفەکان ئارامیان هەبێت و کەمێک چاوەڕێمان بکەن."
لەلایەکی دیکەوە، ئاسۆ جەلال کە شۆفێری تاکسییە دەڵێت: "80%ـی رووداوەکان بەهۆی شۆفێری ئێرانییە، ئەوان ئەگەر جێی خۆیان کردەوە رەچاوی ئۆتۆمبیل ناکەن، هەڵەکە لە هەردوو لایە، بەڵام زیاتر لە خاوەن بارهەڵگرەکانەوەیە."
ئەحمەد کەریم، شۆفێری بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکات: "هەندێک جار ئاماژە دەدەین بە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بچووکەکان بەڵام پابەند نابن، شۆفێری ئۆتۆمبێلە بچووکەکان سەرکێشی دەکەن، شۆفێر هەبووە هاتووەتە بەردەمم ستۆپم کردووە هێشتا ئەو جنێوی پێداوم."
هەروەها حامید ئیبراهیم، شۆفێری بارهەڵگر دەڵێت: "سەیارەی بچووک هەیە لە لای چەپتەوە بە خێرایی 120 دێت، ئۆتۆمبێلی ئێمە باری زۆری پێیە و ناکرێت سەرکێشییان لەگەڵدا بکرێت. من خۆم لە بۆق و گیانەوەرەکانیش لاداوە و ژیانم خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام لەوانم نەداوە."
عەبدوڵڵا رەحمان، شۆفێری پاس ئاماژە بەوە دەکات کە "بارهەڵگرەکان رێگە بە پاس و ئۆتۆمبێلی بچووک نادەن، دەبێت ئێمە بچینە سەر خۆڵ بۆیان."
عەبدولڕەحمان مەهدی، شۆفێری بارهەڵگر لە دهۆک دەڵێت: "هیچ رێگەیەکمان نییە، هاتووچۆ وەک جەنگی لێهاتووە، گیانی شۆفێر لەسەر داشبۆردەکەیەتی. لە بازگەی کەڵەک شۆفێرێک دەمانچەی بە نێوچەوانمەوە ناوە و دەڵێت بۆچی رێگەم پێنادەیت."
سەرپێچیی شۆفێری بارهەڵگرێک بووە هۆی مەرگی هەڵکەوت
رۆژی دووشەممە 08/06/2026، هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، لە کاتی کارێکی میدیاییدا لە رێگەی دیوانیە-بەسرە، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ گیانی سپارد.
عەمید سادق هیلالی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگای دیوانیە، لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە بە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆی بەشداربوو لە بەرنامەکە و راگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 02:00ـی دوای نێوەڕۆ لە نزیک رێستورانتی سوڵتان روویدا. (شۆفێری) بارهەڵگرێک بەهۆی خەواڵووییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و پێچی بۆ راست و چەپ کردووە و بەر ئۆتۆمبێلە بچووکەکە کەتووە (ئەو ئۆتۆمبێلەی هەڵکەوت عەزیزی تێدابووە)."
عەمید سادق گوتی: "تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە کە شۆفێرەکە بێهۆش یان سەرخۆش بووە یان مادەی بێهۆشکەری بەکارهێنابێت، شۆفێرەکە کاتێک پرسیاری لێکرا گوتی لە برێکدا کێشەی هەبووە بۆیە ئەو رووداوە روویداوە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەتووە جۆرێک لە خەواڵوویی هەبووە بەهۆی ماندووبوونەوە، بۆیە پێچی بۆ راست و چەپ کردووە".
شۆفێرەکە مۆڵەتی لێخوڕینی بارهەڵگری نەبووە
بەڕێوەبەری هاتووچۆی دیوانیە راشیگەیاند: "هیچ دەقێکی یاسایی نییە شۆفێر پابەند بکات کە چەند کاژێر لێبخوڕێت، بەڵام وێستگەی حەسانەوە هەیە. ئەو شۆفێرەی بووەتە هۆی رووداوەکە مۆڵەتی هەیە تاوەکو ساڵی 2036 کاری پێدەکرێت، بەڵام مۆڵەتەکەی لە جۆری (B)ـیە، کە نابێت بارهەڵگری پێ لێبخوڕێت، بۆیە سزای 50 هەزار دینار پێبژاردنمان بەسەردا سەپاندووە".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە گوایە رووداوەکەی کە هەڵکەوت عەزیز تێیدا گیانی لەدەستدا بە ئەنقەست بووە. بەڕێوەبەری هاتووچۆی دیوانیە دەڵێت: "رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە و مادەی 36 لە یاسای هاتووچۆ دەیگرێتەوە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە کردەوەی تیرۆریستی بووبێت، بەڵکو بە تەواوی سرووشتییە."
لە ناو ستۆدیۆدا، عەمید قادر سدیق، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیریی سەلامەتیی هاتووچۆ، پرسیاری لە عەمید سادق هیلالی کرد و گوتی: "ئایا ئەفسەری هێڵکاری وردبینی بۆ رووداوەکە کردووە؟ ئایا شوێنی رووداوەکە نەگۆڕاوە؟ ئەو ئەفسەرە شارەزایی هەیە و ئایا پێشنیازی هاتووچۆ بۆ ئەم بارهەڵگرە بووە؟"
عەمید سادق هیلالی لە وەڵامدا گوتی: "مەفرەزەکان و ئەفسەری پسپۆڕ لەوێ بوون و لە شوێنەکە لێکۆڵینەوە کراوە، هێڵکارییەکە بە وردی کراوە. راستە شۆفێری بارهەڵگرەکە مۆڵەتی هەیە، بەڵام 100% تاوانبارە. بەپێی مادەی 35 هەر کەسێک ببێتە هۆی مردنی کەسێک، هەم سزای پێبژاردن و هەم زیندانی دەکرێت".
فێڵکردن لە مەرج و تاقیکرنەوەی تووندوتۆڵی
عەمید قادر سدیق، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیریی سەلامەتیی هاتووچۆ، کە لە ستۆدیۆی رووداو ئامادە بوو، بە وردی باسی کێشەکانی کرد و رایگەیاند: "ئێمە یاسا و پابەندییەکانی هاتووچۆ وەک خۆی جێبەجێ ناکەین. ئێستا کارەساتە دڵتەزێنەکان روو لە زیادبوونن."
ئاماژەی بە سێ هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان کرد و گوتی: "یەکەم هۆکار مرۆڤە، دووەم کەشوهەوا و تێکچوونی شەقامەکانە؛ هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی باشی کردووە بەڵام هێشتا ماویەتی. سێیەم هۆکاریش مەرجەکانی تووندوتۆڵییە لە ئۆتۆمبێلدا".
عەمید قادر سدیق، رەخنەی لە سیستمی مۆڵەت و کاتی کارکردنی شۆفێران گرت و گوتی: "کاتەکانی شۆفێری بۆ بارهەڵگران دیاری نەکراوە. بیستوومە لە عێراقدا مۆڵەتی لێخوڕین زۆر بە ئاسانی دەردەچێت، ئەمەش دەرفەتێکی خراپـی بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە. زۆر لە شۆفێرانی هەولێر و سلێمانی لەوێ مۆڵەت دەردەهێنن، بەڵام دوای بەدواداچوونی پۆلیس دەردەکەوێت کە مۆڵەتەکان ساختەن."
نەجات نەجم، بەڕێوەبەری رێکخراوی تۆتاڵ بۆ راهێنان، ئاماژەی بەوە کرد کە "نەبوونی مەرجی تووندوتۆڵی لە 90%ـی بارهەڵگرەکاندا هەیە، زۆربەیان بەبێ پشکنین دەردەچن."
ئاگر ئامێدی، بەڕێوەبەری گشتیی پشکنینی ئۆتۆمبێلیش ئەمەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "شۆفێر هەیە فێڵ دەکات، بۆ کاتی فەحس تایەی نوێ و ئامێری ئاگرکوژێنەوە بە کرێ دەهێنن و دواتر دەیبەنەوە."
ئەزموونی دەرەوە و کارەساتی ناوخۆ
رەفیق بابەعەلی، شۆفێر لە وڵاتی نەرویج، بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا، بەراوردێکی کرد و گوتی: "لە نەرویج 3 ساڵ خەریک بووم تا مۆڵەتی لۆریم وەرگرت، چۆن دەبێت لە عێراق بە مۆڵەتی ئۆتۆمبێلی بچووک بارهەڵگر لێبخوڕدرێت؟ لەوێ ئەگەر کحول لە خوێنتدا بێت، دکتۆر مۆڵەتەکەت لێ دەسەنێتەوە، لێرە دکتۆر زیاتر مۆڵەت وەردەگرێتەوە تاوەکو پۆلیسی هاتووچۆ".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2018 تاوەکو ئابی 2025، تۆماری رووداوەکانی هاتووچۆ گەیشتووەتە 21,646 رووداو. لەو رووداوانەدا سێ هەزار و 137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.
بە شیکردنەوەی داتای حەوت ساڵ و نیوی رابردوو، بە تێکڕا لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر 100 رووداوێکی هاتووچۆ، نزیکەی 15 کەس گیان لەدەست دەدەن و 182 کەسیش بریندار دەبن.


