رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دا. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکە دەڵێ، پلەبەرزکردنەوەکە لەسەر داوای خۆیان "بێ ئیمتیاز" دەبێت تاوەکو دۆخی دارایی باشتر دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە لەسەر پلەبەرزکردنەوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. پلەبەرزکردنەوەی 2024 تەواو بووە. بەڵام ساڵانی 2025 و 2026 ماوە."
پلەبەرزکردنەوە ساڵانە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و تەمموزدایە.
لەبارەی شێوازی پلەبەرزکردنەوەکە، هێمن میرانی دەڵێت: "وەک وەزارەتی ناوخۆ خۆمان داوامان کرد کە بێ ئیمتیاز پلە بەرزبکرێتەوە تاوەکو دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش دەبێت، ئەوکاتە ئیمتیازەکان بۆ کارمەندانی وەزارەت زیاد بکرێت و سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر ئەمە دا."
سەرەتا رێکارەکە لە لایەن لیژنەی باڵای وەزارەتی ناوخۆوە تەواو دەکرێ. هێمن میرانی گوتی: "دواتر دۆسیەکە دەنێرێ بۆ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، پاشان بۆ لای سەرۆکوەزیران و لە کۆتاییشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دەدات".
هێمن میرانی گوتی: "بەشێک لە خشتەکە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران. بۆ نموونە، تەنیا لە خشتەی کانوونی دووەمی 2025ـدا ناوی 680 کەس نێردراوە و وردبینییان بۆ دەکرێ. هەوڵەکانمان بۆ ئەوەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموویان تەواو بن."
لە ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، تەنیا پلەبەرزکردنەوەی سەربازی هەبووە. لەو چوارچێوەیەدا لە مانگی رابردوو وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی هەزارن ئەفسەر کرد.
رۆژی 15-12-2021، رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان رێنمایی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران و دانانیان لە پایەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. رێنماییەکە لە 14 مادە پێکهاتبوو.
.jpg&w=3840&q=75)


