رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ، بەستەڵەکی سیاسیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیکتر دەبێتەوە لە توانەوە، ئێستا هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوە نیشان دەدەن و یەکگرتووی ئیسلامییش کە نێوەندگیرییان دەکات دەڵێ، "هەوڵی جیدی هەیە بەمزووانە کۆبوونەوەکە بکرێ."
زیاتر لە شەش مانگە، پارتی و یەکێتی، وەکو دوو سەرەکیترین پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەت و خاوەن دوو گەورەترین فراکسیۆنیش لە خولی شەشەمی پەرلەمان کۆنەبوونەتەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردندا، پەرلەمان تەنیا یەک دانیشتنی کردووە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
پارتی و یەکێتی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان هەیە
سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە هەموو کاتێک زەوینە بۆ کۆبوونەوە لەبارترە، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ هەیە بۆ کۆبوونەوە."
هاوکات پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردوولا (پارتی و یەکێتی) ئامادەییان تێدایە بۆ کۆبوونەوە، "بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی کرد و لەوێ کاک مەسرور و کاک قوباد یەکدییان بینی."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتیشی، "گفتوگۆ و پەیام گۆڕینەوە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، بەڵام بە فەرمی کاتی کۆبوونەوە دیاری نەکراوە."
سەردانی تۆم باراک و کۆبوونەوەکانی
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە سبەی سێشەممە 16-06-2026 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، سەردانی هەولێر بکات.
رووداو زانیویەتی، باراک بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە رووداوی گوت، "تۆم باراک لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتییش کۆدەبێتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە پرسە نێوخۆییەکانی عێراق، تۆم باراک لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات.
ئەنجامی نێوەندگیرییەکەی یەکگرتوو
بۆ نێوەندگیری لەنێوان یەکێتی و پارتی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین بەهائەدین، دەستی بە هەوڵ کردووە و رۆژی 17ی ئایار لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و 18ی ئایاریش لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەوە دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێشتر بە رووداوی گوتبوو، "هەر کەس دەستپێشخەریی خێر بکات، ئێمە پێشوازیی لێدەکەین، مامۆستا سەلاحەدین هات بۆ لای یەکێتی، ئێمە بە هەموو خاڵەکانی رازی بووین."
دەرباز کۆسرەت پێیوایە ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نوێیە و لایەنەکان ناچار دەکات کۆببنەوە، "تاوەکو ئێستا کات بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە، ئێمە دەرگامان دانەخستووە و بڕوامان بەوەیە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین."
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "من گەشبینم ئەو دەستپێشخەرییەی مامۆستا کە ئاکام و ئەنجامێکی باشی لێبکەوێتەوە و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە چەقبەستووەی تێیدایە رزگاری بێت، کە دۆخی چەقبەستوویی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
ئەمڕۆ دووشەممە، سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەوڵی جیدیی هەیە بۆ ئەوەی بەمزووانە کۆبوونەوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت."


