رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق کۆبوونەتەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، حکومەتی تازەی عێراق، پێکهێنانی کابینەی نوێ لە هەرێمی کوردستان و ئامادەیی کوردستان بۆ دابینکردنی وزە کردووە.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 15-6-2026 بووە لە بەغدا.
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران و هەردوولا رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیان بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە".
دەشڵێت، "لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی عیراق جەختی لەسەر کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەکان".
باسی لەوەش کردووە، کە بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە گوتوویەتی، "شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستا خەریکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە".
"لە کۆبوونەوەکەدا کێشەی وزە خرایەبەر باس و سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پلانێکی ستراتیجی کێشەی وزە لە تەواوی عیراق چارەسەر بکات"، نووسینگەکە وا دەڵێت.



