رووداو - دیجیتاڵ
خێزانێکی شەش کەسی لە دهۆک، لەنێوان بێکاری، نەخۆشی و هەڕەشەی دەرکردن لە ماڵەکەیان،
دووچاری کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە. باوکی خێزانەکە بەهۆی پچڕانی پەنجەکانی و نەخۆشیی "سەرع"
لەکارکەوتووە، کچە ١٠ ساڵانەکەشیان ناچار بووە بۆ دابینکردنی پارەی کارەبا،
قژی خۆی بفرۆشێت؛ ئێستا ئەوان مانگێک و ٢٠ ڕۆژە لە تاریکیدا دەژین و خاوەنماڵیش
تەنیا تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتی پێداون ماڵەکە چۆڵ بکەن.
دوعا و دایکی دوای ئەوەی مانگێک و 20 رۆژ بوو کارەبای ماڵەکەیان بڕدرابوو، بڕیارێکی
سەختیان دا؛ ئەوان چوونە یەکێک لە سەنتەرەکانی جوانکاری و دوعا کەزییە درێژەکانی بە
70 هەزار دینار فرۆشت. دوعا بە رووداوی گوت: "خوشکەکانم لەبەر بێ کارەبایی و
گەرما نەخۆش کەوتبوون، بۆیە ناچار بووم قژم بفرۆشم. قژم زۆر درێژ و جوان بوو، دڵم
هەر لایەتی و پێم ناخۆش بوو، بەڵام بۆ کارەبا کردم."
ئەم خێزانە لە گەڕەکی بەڕۆشکێ لە سەنتەری دهۆک نیشتەجێن. فەرید فەیسەڵ، باوکی
دوعا، کە پێشتر لە نانەواخانە کاری کردووە، 10 مانگ لەمەوبەر بەهۆی ئامێری
کۆسەرە سێ پەنجەی دەستی بڕاون و سەرەڕای سێ نەشتەرگەری، هێشتا چاک
نەبووەتەوە.
فەرید فەیسەڵ، باوکی دوعا، لەبارەی دۆخی ژیانیانەوە بۆ رووداو گوتی: "من نەخۆشیی
سەرع [پەرکەم]ـم هەیە و زراوم دەرهێناوە، تەنیا ئیشی نانەواخانە دەزانم، بەڵام بەهۆی
برینداریی دەستمەوە ناتوانم کار بکەم. خاوەنکارەکان ناتوانن بەرپرسیارێتی
نەخۆشییەکەم هەڵبگرن، چونکە بەردەوام دەکەوم و شوێنی برین بە سەرمەوە دیارە."
خەمەکانی ئەم خێزانە تەنیا کارەبا نییە؛ فەرید 10 مانگە کرێی خانوو کە مانگانە 180
هەزار دینارە نەداوە. خاوەنماڵەکەش ئاگاداری کردووەتەوە کە دەبێت تاوەکو سەری مانگ
خانوو چۆڵ بکەن. باوکی دوعا دەڵێت: "تاکە هیوا و ئاواتم ئەوەیە ژوورێکم هەبێت و لە
کرێچێتی رزگارم ببێت."
ئەم خێزانە چوار کچیان هەیە کە گەورەکەیان 12 ساڵ و بچووکەکەیان تەنیا یەک ساڵە.
بەهۆی نەبوونی تێچووی داراییەوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کارتی نیشتمانی بۆ
منداڵەکانیان نوێ بکەنەوە. تەنانەت بەشە خۆراکی مانگانەشیان نییە، چونکە
نوێکردنەوەی فۆڕمەکە پێویستی بە چوون بۆ شاری مووسڵ و خەرجییەکی زۆر هەیە
کە لە توانای ئەواندا نییە. ئێستا ژیانی ئەم خێزانە تەنیا بە هیوای هاوکاریی
خێرخوازان ماوەتەوە.
