رووداو - دیجیتاڵ
گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر سێکتەری
فڕۆکەوانی داناوە و تاوەکو ئێستا دڵنیایی تەواو بۆ رێگە ئاسمانییەکانی ناوچەکە
دروست نەبووە، بەو هۆیەوە هیچ فڕۆکەیەکی وڵاتانی ئەوروپی و ناوچەیی ئامادە نین
گەشتەکانیان بۆ هەولێر و بەغدا دەستپێبکەنەوە. لە نێو ئەم ناسەقامگیرییەدا، تەنیا
فڕۆکەکانی "فلای ئەربیل" ئاسمانی ئەوروپا بەرەو کوردستان دەبڕن.
زمانی کوردی و هەستی نیشتمانی لە ئاسماندا سیروان کاکە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی
هەولێرە و 30 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو کە بەردەوام لەنێوان ئەوروپا و
کوردستان گەشت دەکات، دەڵێت: "زۆرینەی ئەو گەشتانەی دەیکەم لە رێگەی فلای
ئەربیلەوەیە و زۆر ئاسوودەم پێی. خزمەتگوزارییەکانی ناوی و بەخێرهاتن و
رێنمایی کاپتنەکان بە زمانی کوردین، ئەوە هەستێکی زۆر خۆشە."
هاوکات سەروان سیروان، کە دانیشتووی شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیایە، ئاماژە بەوە دەکات
کە ئەم هێڵە ئاسمانییە ئاسانکاریی گەورەی بۆ کوردانی ئەڵمانیا کردووە و بە رووداوی
گوت: "هەر کاتێک بێمەوە بە فلای ئەربیل دێمەوە، چونکە خزمەتگوزارییان یەکەمە. ئێستا
لە شارەکانی میونشن، فرانکفۆرت، شتوتگارت، بەرلین و دۆسڵدۆرفەوە دەتوانی راستەوخۆ
بێیتەوە کوردستان."
گەشەسەندنی دیجیتاڵی و سیستەمی 'هەژماری من' کۆمپانیای فلای ئەربیل کە 8 ساڵ
لەمەوبەر دامەزرا، ئێستا هەفتانە بە 4 فڕۆکە دەیان گەشت بۆ وڵاتانی جیهان
دەکات. کۆمپانیاکە لە رووی تەکنەلۆژیاوە هەنگاوی نوێی ناوە و گەشتیاران
دەتوانن لەرێی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنی تایبەتەوە تکتەکانیان ببڕن.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری گشتیی فلای ئەربیل، لەبارەی ئاسانکارییە داراییەکانەوە
بە رووداوی گوت: "گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و کوردانی تاراوگە دەتوانن
لەڕێی ئەپڵیکەیشنی فلای ئەربیلەوە تکتەکانیان ببڕن، ئەوەش جێی دڵنیاییە و
پارەکانیان پارێزراو دەبێت. هەروەها هەر کەسێک کارتی 'هەژماری من'ی هەبێت،
دەتوانێت لەڕێی بانکەکانی نێو پڕۆژەکەوە بە کارتە ئۆنلاینەکەی تکت ببڕێت."
فلای ئەربیل لە هەوڵی فراوانکردنی زیاتری کارەکانیدایە و بڕیارە بەم نێزیکانە 2
فڕۆکەی نوێی دیکە بخاتە خزمەت گەشتیارانییەوە، بەوەش پێگەی خۆی وەک
کۆمپانیایەکی نیشتمانی لەسەر ئاستی جیهانی فڕۆکەوانی بەهێزتر دەکات.
