رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە هەولێر، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئاهەنگی چواردەیەمین خولی دەرچوونی بۆ 154 قوتابیی پۆلی 12 رێکخست، کە بە نمرەیەکی بەرز خوێندنیان تەواو کرد.
رێسام هاجەر، دەرچووی قوتابخانەکەیە بە (رووداو)ی گوت: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، بە تایبەتی کە دایک و باوکم لێرە ئامادە بوون، توانیم سەریان بەرز بکەمەوە."
قوتابخانەکە لە 20 ساڵی رابردوودا لە هەولێر 1,200 قوتابی بە سیستمی خوێندنی سابیس (SABIS) پێگەیاندووە.
ئەلەند دێدەوان، کە دەرچووی هەمان قوتابخانەیە گوتی: "هەوڵدەدەم بچمە دەرەوەی وڵات بخوێنم، بڕوانامەی باڵا بەدەست بێنم، بەڵام قەت نیشتمانەکەم لەبیر ناکەم و دەگەڕێمەوە خزمەت بە خەڵکی خۆم دەکەم."
سیا سەرکەوت، یەکێکی دیکەیە لە قوتابییە دەرچووەکان و دەڵێت: "شانازی بە قوتابخانەکەم، مامۆستایان و دایک و باوکم دەکەم کە توانیان بەم شێوە پاڵپشتیم بکەن."
دەرچووەکان هەر یەکەیان خەونێکی هەیە بۆ ئایندە. باوان سەردار، کە بە کۆنمرەی 98 لە قوتابخانەکە دەرچووە دەڵێت: "ئینشائەڵڵا دەچمە پزیشکی گشتی و لە منداڵییەوە حەزم لێبوو ببمە دکتۆری چاو."
هەیام وەلید، کە دایکی باوانە، دەڵێت: "هیچ هیلاک نەبوومە پێی، ئەوەی بەدەستیهێناوە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بووە."
خوێندن لە قوتابخانەی شوەیفات بە سیستمی سابیسە، کە پڕۆگرامێکی خوێندنی گشتگیرە و جەخت لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی وەک بیرکاری، ئینگلیزی، زانست و زمانە جیهانییەکان دەکاتەوە. ئامانجی ئامادەکردنی قوتابییانە بۆ زانکۆ و کۆلێژە ناسراوەکانی جیهان.
کاشان بەدران، بەڕێوەبەری مارکێتینگی قوتابخانەکە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو سەرکەوتنە هاوکاتە لەگەڵ 140 ساڵەی سیستمی سابیس، خزمەتی 20 ساڵەی لە هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردەدا."
قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە هەولێر ساڵی 2006 دامەزراوە، نزیکەی دوو هەزار و 400 قوتابی تێیدا دەخوێنن.


