رووداو - دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆریا لە هەولێر
پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی "Quiz on Korea"ی رێکخست. لەنێو 50 هاونیشتمانی کە
شارەزای زمانی کۆری بوون، کچێکی خەڵکی سلێمانی پلەی یەکەم بەدەستهێنا
و بلیتێکی گەشت بۆ کۆریای بردەوە، لە فیناڵی جیهانیشدا نوێنەرایەتیی کوردستان دەکات.
ئەم پێشبڕکێیە ساڵانە لەلایەن نوێنەرایەتییەکانی کۆریا لەسەرانسەری جیهان
دەکرێت و تێیدا نوێنەری 40 وڵات بۆ قۆناخی کۆتایی سەردانی کۆریا دەکەن.
فەرمان جەمال، جێگری کۆنسوڵی گشتیی کۆریا لە هەولێر، لەبارەی گرنگیی
چالاکییەکە بە رووداوی گوت: "ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ ناوی 'کویز ئۆن کۆریا'یە و تاقیکردنەوەیەکە لەسەر زانیاری
دەربارەی کۆریا. ئەمە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییە و ئەمڕۆ 50 هاونیشتمانی لە
هەرێمی کوردستان کە زمانی کۆری دەزانن، بەشدارییان تێدا کرد. ئەمە یەکەمجارە
لە هەولێر چالاکییەکی لەو شێوەیە رێکدەخرێت تاوەکو ئەوانەی زمانی کۆری دەزانن بێن
و ئەزموونی خۆیان تاقی بکەنەوە. خۆشبەختانە براوەی یەکەم نوێنەرایەتیی هەرێمی
کوردستان لە کۆریا دەکات."
لە ژمێریارییەوە بۆ نوێنەرایەتیی کوردستان لە سیۆل ژیلان کەمال، کە خەڵکی سلێمانییە
و پیشەی ژمێریارە، حەوت ساڵە بەشێوەیەکی خۆرسک و لە رێگەی بینینی فیلم و بیستنی
گۆرانییەوە خۆی فێری زمانی کۆری کردووە. ئەو لەگەڵ باوکی لە سلێمانییەوە
هاتبووە هەولێر بۆ بەشداریکردن و توانی هەموو رکابەرەکانی تێپەڕێنێت.
ژیلان کەمال لەبارەی نهێنیی سەرکەوتنەکەیەوە دەڵێت: "زۆر سەیری بەرنامەم دەکرد و
گوێم لە گۆرانی دەگرت، بە سەیرکردنی وشەکان وردە وردە زیاتر تێکەڵی زمانی کۆری
بووم و فێری بووم."
لەلایەکی دیکەوە، باڵا نەجات کە فەرمانبەرە و پلەی دووەمی پێشبڕکێیەکەی بەدەستهێنا،
ئاماژەی بەوە کرد کە وەک مامۆستایەکی زمانی کۆری ویستوویەتی زانیارییەکانی خۆی تاقی
بکاتەوە و دەڵێت: "من مامۆستای زمانی کۆریم، بەڵام ئەم هەلەم قۆزتەوە تاوەکو
بەشداری بکەم و پێشبڕکێ لەسەر زانیارییەکانم دەربارەی کۆریا بکەم،
خۆشبەختانە پلەی دووەمم بەدەستهێنا."
بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی "Quiz on
Korea" لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بکرێت، کە تێیدا نوێنەری هەرێمی
کوردستان شانبەشانی نوێنەرانی وڵاتانی دیکەی جیهان کێبڕکێ لەسەر نازناوەکە
دەکات.
.jpg&w=3840&q=75)
