رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی (کانی سانان)ی سەر بە شاری مەریوان، خولێکی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی کرایەوە و بڕوانامەی فێربوونی خوێندن و نووسین بە فێرخوازان درا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026 ئارەش میهرەبان، مامۆستای زمانی کوردی لە گوندی کانی سانانی مەریوان لە رۆژهەلاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەلایەن چەند مامۆستایەکی زمانی کوردی خولی فێربوونی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بۆ خەڵکی گوندی کانی سانان کرایەوە."
ئارەش میهرەبان گوتی، "35 کەسی گوندەکە لە تەمەنی جیاوازدا لە کچ و کوڕ بەشدار بوون."
بە گوتەی ئەو مامۆستایە، ئەوە یەکەمجارە لە گوندی کانی سانان خولی فیرکردنی زمانی کوردی دەکرێتەوە و پێشوازیی باشی لێکراوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پەروەردە بە زمانی دایک نییە و فێرکردنی زمانی کوردی لەسەر شانی فێرگەکانە. زۆربەی خولەکان بە خۆبەخش و بێبەرامبەر بەڕێوەدەچن و بەشداری لە بەشێکیشیان تێچوویەکی کەمی بۆ بەشداربووان هەیە تاوەکو پێداویستییەکانی فێرگەکەی پێ دابین بکرێت.



