رووداو دیجیتال
وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، پلانێکی پێنج ساڵەی بۆ چاکسازی لە پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە و رێزگرتنە لەنێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا. پرۆسەکە بە هاوکاریی راوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵانی 2026 بۆ 2030 جێبەجێ دەکرێت.
پرۆسەکە بە نوێکردنەوە و پێداچوونەوە بە کاری بنکەکانی پۆلیس و گۆڕینیان بۆ کەرتی نموونەیی لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە رووداوی رایگەیاند، "ئەرکی پۆلیس کاتێک پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت بریتییە لە رێگریکردن لە تاوان. کاتێک پەیوەندیی باشت هەبێت لەگەڵ کۆمەڵگە، ئەوان بەشدار دەبن لە پێدانی زانیاری و رێگریکردن لە تاوان. پۆلیس ناتوانێت ئاسایشی هاووڵاتی بپارێزێت ئەگەر هاووڵاتی خۆی بەشدار نەبێت لە پاراستنی ئەمنییەتی خۆی."
عەقید توانا، ئەندامی لیژنەی چاکسازی بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێمە گۆڕینی رەفتاری پۆلیسە بەرامبەر بە هاووڵاتیان و پێمانخۆشە هاووڵاتیان لەگەڵمان هاوکار بن."
بەشێکی سەرەکیی پرۆژەکە، داڕشتنەوەی هەیکەلی کارگێڕیی دوو کۆلێژەکەی پۆلیسە لە هەولێر و سلێمانی، کە ناوەکانیان بۆ "ئەکادیمیای پۆلیس" دەگۆڕدرێت.
پێشڕەو عەبدوڵڵا، ئەفسەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی بۆ رووداو گوتی، "مەبەست لە درێژکردنەوەی ماوەی خولی ئەفسەرانە لە 3 ساڵەوە بۆ 4 ساڵ و هەژمارکردنی ئەو بڕوانامەیە بە بەکالۆریۆس و زیادکردنی کۆمەڵێک بابەتی تایبەتە وەک دەروونناسی، کۆمەڵناسی، مافەکانی مرۆڤ و زانستە نوێکانی مرۆڤ کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بەردەستە."
نزار رەشدان، ئەندامی لیژنەی چاکسازی لە UNDP بە رووداوی گوت، "گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە باشترین رێگە و شێوازی پراکتیکی چین بۆ گۆڕینی کارە لەپێشینەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پلانی کارکردن. ئەمەش ئاڵنگارییە راستەقینەکەیە، چونکە پلانی کارکردن پێویستی بە توانا و سەرچاوەی مرۆیی و لۆجستی و گۆڕینی رەفتاری رێکخراوەیی هەیە."
لە پرۆژەکەدا رێژەی 30٪ی بەشداری و بڕیاردان بۆ ژنانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تەرخانکراوە.
موقەدەم هەیفا مەحمود، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "کاتێک خەڵکی دەرەوەی وڵات دێن تەماشای هێزەکانی پۆلیسی ئێمە دەکەن، دەڵێن کە ژمارەی ژنان لەنێو هێزەکان زۆرن. پلەداری بەرز و خاوەن بڕوانامەشمان هەن کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژنانی دەدات."
شەیما فەتاح، ئەندامی لێژنەی چاکسازی بۆ رووداو گوتی، "گرنگیی زیاتر بە ژنان دراوە و زیاتر خراونەتە نێو کایەکەوە. خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە وەک بەرپرسی یەکێک لە پرۆژەکان دانراوم."

