رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول کۆتاییهات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی پێنجشەممە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێن، ئەگەر دۆخێک نەیەتە پێشەوە کە پلانەکە بگۆڕێ.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول کۆتایی هاتووە و بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، هەفتەی رابردوو دەستیان بە کارەکان کرد و ئەم هەفتەیە تەواویان کرد، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بەغدا بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی وردبینی بکات تاوەکو رێکارەکان تەواو بکرێن و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێن.
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین کە چوارشەممە لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوە بنێرین. ئەگەر چوارشەممەش نەمانتوانی، بە دڵنیاییەوە پێنجشەممە دەینێرین، بۆ ئەوەی لە بەغدا زوو وردبینییەکەی تەواو بکرێت و بە زوویی مووچەی مووچەخۆران بنێردرێت."
بۆ پرۆسەی مووچەی پێشوو، رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئابی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.




