رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ مێرمنداڵی خەڵکی بانەیان دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، رۆژی سێشەممە 20-10-2026 محەممەد فەرەجی تەمەن 18 ساڵ و ژیار رەسووڵی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری ئارمەردە، لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی ئارمەردە بۆ بانه بوون، لە گەڕەکی "سڵێمان بەگ"ی بانه لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
لە هەمان رۆژدا، ئیلیا لوتفی تورمەکچی، تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی بانه، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر دەستگیرکردنیاندا، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان و شوێنی راگرتنیان بێ ئەنجام بووە.
تاوەکو ئێستا ناوەندە فەرمی و ئەمنییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو سێ کەسە کراون، نەداوە.


.webp&w=3840&q=75)

