رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێک لە خورماتوو سکاڵا لە دژی محەممەد عاسی، نوێنەری جووتیارانی تەپە سەوز تۆمار دەکات، بەهۆی کێشە لەسەر 50 دۆنم زەوی، کە عەرەب ویستویانە لێی وەربگرنەوە.
محەممەد عاسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو سکاڵایەی دادوەری دادگەی خورماتوو لەسەر رووداوێکە، کە لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ روویداوە، کاتێک ئەو دادوەرە بە یاوەری تیمێکی شارەوانى و سکاڵاکارە عەرەبەکان سەردانی زەوییەکەیان کردووە، کە 50 دۆنمە و سکاڵایان لەسەر هەبووە. لەگەڵ دادوەرەکە کەوتووەتە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ هەیە، کە پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی زەوییەکەیان بەدەستەوە بمێنێتەوە.
ئەو زەوییانەی سنووری خورماتوو، کە کێشەیان لەسەر بووە، دەکەونە سنووری مادەی 140 و رەوایەتی بۆ گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان نەماوە بۆ کارکردن لەسەر زەوی جووتیارانی کورد.
محەممەد عاسی گوتی: "پێیان راگەیاندووم کە دۆسیەی ئەو سکاڵایە لە دادگەی لێکۆڵینەوە چووەتە دادگەی تاوانەکان، بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت و بۆ ئەوەش پارێزەرم گرتووە."
ئەو بڕیارەی محەممەد عاسی خستوویەتییە بەردەم دادوەرەکە، لە ساڵی 2025 لە فەرمانگەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەرچووە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، کە سەرجەم ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنرێنەوە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان لە کەرکووک و دیالە و سەلاحەددین کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.
نوێنەری جووتیارانی تەپە سەوز گوتی: "لە موبایلەکەمەوە نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵم پێشانی دادوەرەکە دا، گوتی ئەو بڕیارەمان پێ نەگەیشتووە."



.webp&w=3840&q=75)
