رووداو دیجیتاڵ
تێکچوونی سرووشتی رووباری تەتەهوو لە سەقز بەهۆی دەرهێنانی چەو و لم دانیشتووانی ناوچەکەی نیگەرانکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە گوندەکانی نزیک شاری سەقز بە رووداویان گوت:" بە هۆی دەرهێنانی زۆری چەو و لم لە رووباری تەتەهوو لە نزیک گوندەکانی ناوچەی تورجان سروشتی رووبارەکەی تێکداوە و ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و سروشتی ناوچەکە دروست دەکات."
هاونیشتمانیان دەڵێن؛ بە هۆی دەرهێنانی چەو و لم لە رووبارەکە چاڵی گەورە دروست بووە و رێرەوی ئاوەکەش گۆڕاوە.
بە گوتەی هاونیشتمانیان دەرهێنانی ئەو رێژە زۆرە لە چەو و لم دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی کەم بێتەوە.
هاونیشتمانیان ئاماژە بەوەش دەکەن، هەڵگرتنی زۆری چەو و لم مەترسی دروستبوونی لافاویش دروست دەکات، چونکە لایەکانی نزیک ماڵان بە تەواو تێک دەدات و دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئاوی رووبار لە ناو ماڵان.
ئەو هاونیشتمانییەیانە دەشڵێن، جگە لە مەترسی ژینگەیی رێگەی تورجان هەڵگری ئەوە نییە ئەو هەموو بارهەڵگرە پێیدا تێپەڕن.
بۆ رێگریکردن لە بردنی چەو و لمی رووبارەکە خەڵکی گوندەکانی تورجان، گەردیگلان، قاقڵاوا و حەسار لەو ناوچەیە مانیان گرتووەو داوا دەکەن بەرپرسان رێگری لەو کارە بکەن.
ئەو ناوچەیە شوێنێکی گەشتیارییە لە وەرزی بەهار و هاوین خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکات.
ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکانی سەقز دەڵێن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی شارەکە بێنە دەنگ، چونکە 10 هێندەی رێژەی دیاریکراو چەم و لم لەو رووبارە دەردەهێنرێت.
رووباری تەتەهوو لە چیاکانی زاگرۆس سەرچاوە دەگرێت و بە تەنیشت شارەکانی سەقز، بۆکان و میاندواودا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە دەریاچەی ورمێ.


.webp&w=3840&q=75)

