رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ڤیزای وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا و بەریتانیا، بووەتە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە ئاستەنگ. جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گرفتە روون دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، بەشێکی گەورەی کێشەکە پەیوەندی بە نووسینگەکانی گەشتوگوزار و ساختەکاری لە پێشکێشکردنی دۆکیۆمێنتەکاندا هەیە. دەشڵێت، ئەم نووسینگانە "کردوویانە بە بازرگانییەکی بێتام" و زیانی گەورەیان بە هاووڵاتییان گەیاندووە.
دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، پرسی وەرگرتنی ڤیزا "قسەی زۆر هەڵدەگرێت و بووەتە هۆی سەرئێشە و ئیحراجبوونی ئێمە وەکو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە." روونیشی کردەوە، هەر وڵاتێک، جا چ وڵاتانی ناوچەی شنگن بن یان بەریتانیا و ئەمریکا، رێنمایی و داواکاریی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام کێشەیەکی گەورە لە شێوازی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان و نووسینگەکانی گەشتیاریدا هەیە.
شەدەڵە ئاماژە بەوەش دەکات، ناسەقامگیریی سیاسیی ناوچەکە و زیادبوونی دیاردەی کۆچ، وایان کردووە وڵاتان بە گومانەوە سەیری پاسپۆرتی عێراقی بکەن و پێدانی ڤیزا قورستر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دابان شەدەڵە باسی لە رۆڵی نەرێنیی هەندێک لە نووسینگەکانی گەشتیاری کرد و گوتی، "بەداخەوە ئەو هاووڵاتییانەی کە داواکاری پێشکێش دەکەن، دەچنە لای ئەو نووسینگانە و پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگیرێت. فۆرمەکانیان بە شێوەیەکی خراپ بۆ پڕدەکەنەوە، پشتگیریی بانکیی ساختەیان بۆ دروست دەکەن و هۆتێل و بلیتەکانی فرۆکەشیان بە وەهمی بۆ دابین دەکەن."
بە گوتەی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەم کارانە دەبنە هۆی ئەوەی کە کۆنسووڵخانەکان، بەتایبەتی لە سیستمی شنگندا، کاتێک وردبینی بۆ زانیارییەکان دەکەن، راستەوخۆ داواکارییەکە رەتدەکەنەوە. شەدەڵە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "کاتێک یەکجار رەتکرایتەوە، ناوت دەچێتە نێو سیستەمەکەوە و دواتر وەرگرتنەوەی ڤیزا زۆر قورستر دەبێت." داوا لە هاووڵاتییان دەکات، "ئاگایان لە خۆیان بێت لە شێوەی پێشکێشکردندا و دڵنیابن لە راستیی ئەو دۆکیۆمێنتانەی پێشکەشی دەکەن، وەک گرتنی هۆتێل، بلیت و بیمەی تەندروستی، کە دەبێت بە شێوەیەکی فەرمی و پشتڕاستکراو بن."
لەبارەی رۆڵی فەرمانگەکەیان لە پرۆسەکەدا، دابان شەدەڵە جەختیکردەوە، "دابینکردنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییان کاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە نییە." ئەو گوتی، "کەناڵێکی دیپلۆماسین بۆ رێکخستنی کاروباری ئەو شاندە فەرمییانەی کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، یان لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن." لەگەڵ ئەوەشدا، دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، خەڵکێکی زۆر بۆ وەرگرتنی ڤیزا روویان تێدەکەن، بەڵام ئەو هاوکارییەی ئەوان دەتوانن بیکەن سنووردارە. دابان شەدەڵە دەڵێت: "ئێمە هەر دەتوانین نامەیەکی پشتگیرییان بۆ بکەین، ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە ئەو کەسە دەگەڕێتەوە یان نا. ئەو نامەیەش لەوانەیە تەنیا 20%ـی پرۆسەکە پێکبهێنێت."
سەبارەت بە هۆکارە سیاسی و ئەمنییەکان، شەدەڵە روونیکردەوە کە پێدانی ڤیزا پەیوەندیی راستەوخۆی بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی وڵاتانەوە هەیە. ئەو گوتی، "بمانەوێت و نەمانەوێت، هەرێمی ئێمە و عێراق و تەواوی ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە کێشە و ململانێدا تێپەڕیون. ئەمەش دەرگای بۆ کۆچکردن کردووەتەوە و وایکردووە وڵاتانی ئەورووپی بە گومانەوە سەیری خەڵکی ئێمە بکەن."
دابان شەدەڵە باسی لەوە کرد، دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014، دەرگاکان زیاتر بەڕووی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا داخران و پێدانی ڤیزا قورستر بوو. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران" و ناسەقامگیرییەکانی ئەم دواییە، بووەتە هۆی ئەوەی کۆنسووڵخانەکان بۆ ماوەیەک دابخرێن و ئێستا "گوشارێکی زۆر لەسەریان دروست بووە،" کە وادەکات پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا ماوەیەکی زیاتر بخایەنێت.
لەبارەی کێشەی ڤیزای ئیماراتەوە، شەدەڵە گوتی کە ئەمە کێشەی تەواوی عێراقە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "خراپ بەکارهێنانی سیستمی بانکی و جیاوازیی نرخی دۆلار و دینار." ئەو گوتی، "خەڵکانێک بە دەیان کرێدت کاردەوە چوونەتە ئیمارات بۆ ئەوەی سوود لە جیاوازیی نرخەکان وەربگرن، ئەمەش وایکردووە ئیمارات رێکارەکان تووندتر بکات."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناکۆکی دەکەن لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگە، شەدەڵە گوتی، "پەیوەندیی من و کاک سەفین پەیوەندییەکی ئاساییە. ئێمە لە دوو حیزبی جیاوازین و بیروبۆچوونمان بۆ شێوازی راپەڕاندنی کارەکان جیاوازە، بەڵام هەر کێشەیەک هەبێت، پێکەوە باسی دەکەین." گوتی، "ئەگەر کێشەیەکم هەبێت، لەگەڵ کاک سەفین نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە پەیامەکان بە هەڵە دەگەیەنن."
.webp&w=3840&q=75)

