رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندەکە دەڵێ، کۆبوونەوەکە بەئامانجی هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی باشترە سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەت.
لەبارەی پێکهاتەی شاندەکەی بەغدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێ، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بە ئەندامیەتیی هەریەک لە باسم محەممەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا دەبێت؛ هەروەها شاندی یاوەریشیان پێکهاتوون لە سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە.
هاوکات شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا پێکهاتوون لە محەممەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت؛ دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون؛ ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی.


