رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو ساڵ، هێشتا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان رێکنەکەوتوون. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، هەر لایەنێک بەشداری نەکات، خۆی بەرپرسیارە. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت، بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە هیچ کۆبوونەوەیەک سەرکەوتوو نابێت. رەوتی هەڵوێستیش ئاماژە بەوە دەکات، دەنگ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نادەن.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئامادەم بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، بەڵام رێکخستنی دانیشتنی پەرلەمان بەبێ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکیی قوڵ درووست دەکات."
سەبارەت بەو فراکسیۆنانەی ئامادەن بەشداریی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، محەممەد سلێمان گوتی: "هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ (بە مەرج) و فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، سۆسیالیست و کورسیی کۆتاکان ئامادەن بەشداریی دانیشتنەکە بکەن. "
لە بارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، محەممەد سلێمان گوتی: "یەکێتی لایەنێکی سەرەکی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر دوای دوو ساڵ پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەکێتی دانیشتن بکات، دۆخەکە ئاسان نابێ، بە تایبەتی لە کاتێکدا یەکێتی و نەوەی نوێ رێککەوتنێکی ستراتیژییان هەیە."
سەبارەت بەوەی فراکسیۆنی یەکێتی ئامادە نییە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکات، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان گوتی: "تاوەکو ئێستا بەرپرسانی یەکێتی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە کە بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە ئامادەبن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان."
محەممەد سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دوو رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی نەوەی نوێ کۆدەبمەوە تاوەکو بزانم مەرجیان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان چییە."
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان هەروەها گوتی: "دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و لایەنەکان لە دەرەوەی پەرلەمان بڕیاری لێ دەدەن. هەر کاتێک یەکێتی، پارتی و نەوەی نوێ لێکتێگەیشتن، وادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەم."
یەکێتی داوای رێککەوتنی پێشوەختە دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری دەوێ. پێویستە لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نوێی حکومەت لەسەر بڕگەکانی سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رێکبکەون و دواتر کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بکرێ. بەبێ رێککەوتنیش پەرلەمان کارا ناکرێتەوە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی باسی لەوە کرد، دەبێ رێککەوتنی تەواو لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێی حکومەتدا هەبێ بۆ ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش ئەنجامی تەواوی هەبێ و سەرکەوتوو بێ.
پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەیە
دوێنی شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026 د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کرد، رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان کە بریتین لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرکی بەڕێزتانە و پێویستە ئەو ئەرکە بێ مەرج و کۆت جێبەجێ بکەن و دانیشتن بەڕێوەببەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "هەر لایەنێک ئامادە نەبێت، خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و مێژوو؛ هەروەها هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان."
ڤالا فەرید داوای لە سەرۆکی بەتەمەن کرد کە "بفەرموون بانگێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم. ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ئامادەین بۆ دانیشتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان."
فراکسیۆنی هەڵوێست بەشداری دەکات، بەڵام دەنگ نادات
ئەمڕۆ یەکشەممە 25 تشرینی یەکەمی 2026، عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەموو کات ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بووین، بەڵام کاری ئێمە نییە بەشداریی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بکەین و دەنگیش نادەینە هیچ بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان."
سەبارەت بە بانگەوازەکەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، عەلی حەمە ساڵح گوتی: "کاری ئەو نییە دیاری بکات کێ بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و کێ نایکات، بەڵکو کاری ئەو ئەوەیە بانگەواز بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەوەیشی تا ئێستا نەیکردووە یاسا شکێنی بووە."
یەکگرتووی ئیسلامی چاوەڕوانی دیاریکردنی رۆژی دانیشتنە
سەبارەت بەبەشداریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەمە، مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دیاری نەکراوە. هەر کاتێک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان وادەی دانیشتنەکەی دیاری کرد، وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو کۆدەبینەوە و بڕیار دەدەین بەشداریی بکەین یان نا."
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانە
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەر کاتێک زانیمان کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو دەبێت و نابێتەهۆی پەکخستنی تەواوەتی پەرلەمان و سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشداریی دەکەن، ئامادە دەبین لە کۆبوونەوەکە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دوێنی شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە پشکی نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، ئامادەیە بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم لایەنەکان ئامادەیی دەربڕن.



