رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران کچە قوتابییەکیان لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاشکرا بووە کە رۆژی چوارشەممە، 21-10-2026 پەریا نەسیری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی نەغەدە بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێکی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو قوتابخانەی پەریا تێیدا خوێندووە و دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی 5 رۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی راگرتنی پەریا بێ ئەنجام بووە.
پەریا نەسیری، تەمەنی 17 ساڵە و قوتابی قۆناخی دواناوەندییە.
تاوەکو ئێستا ناوەندە فەرمیی و ئەمنییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو کچە قوتابییە کراون، نەداوە.
