رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، بارهەڵگرێک بە باری چەوەندەرەوە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک تووشی پێکدادان بوون؛ چوار کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا و شۆفێری بارهەڵگرەکەش بریندار بوو.
رووداوەکە نێوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-10-2026 لەسەر رێگەی نێوان ئاگری - وان لە شارۆچکەی هاموور روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بارهەڵگرەکە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکدا پێکیانداداوە و ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی تێکشکاوە. دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی تەندروستیی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی، ئافاد و جەندرمە رەوانەی شوێنەکە کران.
تیمەکانی تەندروستی دوای گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە پشکنین کرد، دەرکەوت هەر چوار کەسەکەی نێو ئۆتۆمبێلەکە لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها شۆفێری بارهەڵگرەکە کە لە رووداوەکەدا بریندار ببوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی بە ئەمبووڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی ئاگری.
لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە دەستیپێکردووە و هاتووچۆش لە رێگەکەدا بۆ ماوەیەک وەستێندرا.
بەگوێرەی راپۆرتی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 328 هەزار و 29 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، بەهۆیانەوە 972 کەس گیانیان لەدەستداوە و 183 هەزار و 916 کەسیش بریندار بوون.

