رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی گاز لە ماڵێک لە گەڕەکی جەعفەرئاوای شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خانووی ماڵەکە بە تەواوی رووخا و لە ئەنجامدا 10 کەس بریندار بوون، هاوکات زیان بە زیاتر لە 8 ماڵی دراوسێش گەیشتووە.
سەعید قادری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و سەلامەتیی شارەوانیی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 13:21ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026 روویداوە، و دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
قادری ئاماژەی بەوە کرد، لەم رووداوەدا 10 کەس بریندار بوون کە سێ لەوانە منداڵن؛ هەروەها سێ کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا گیریان خواردبوو و دوای دەرهێنانیان، سەرجەم بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سەرۆکی بەرگریی شارستانیی کرماشان گوتیشی: "بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەوە، خانووەکە بەتەواوەتی رووخاوە و زیانی زۆریش بە زیاتر لە 8 ماڵی دەوروبەری کەوتووە، بۆیە داوای هاوکاری لە تیمی پشکنین و سەگی زیندوودۆزەرەوەی مانگی سوور کرا تاوەکو دڵنیابین کەس لەژێر داروپەردوودا نەماوەتەوە."
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە لێچوونی گازی ماڵان بووە.


