رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی هۆشداری دەداتە هاوبەشانی کارەبا لەوەی ماوەی پێدانی پارەی پسوولەی کارەبا 50 رۆژە و پڕۆسەی هەژمارکردنەکەش لە کاتی دەرچوونی پسوولەیە لەسەر سەکۆی ئەلیکترۆنیی "ئی-پسوولە"، نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاخەزی بە دەستیان؛ بە پێچەوانەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشانی ئاگادار کردەوە کە نوێترین پسوولەی کارەبا لە سیستمی "ئی-پسوولە" بەردەستە و پێویستە لە ماوەی 50 رۆژدا بیدەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پڕۆژەی رووناکی: "50 رۆژی ماوەی پارەدان لە رێکەوتی دەرچوونی پسوولەکەیە لەسەر سەکۆی ئی-پسوولە دەستپێدەکات، نەوەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاخەزی. ئەو هاوبەشانەی لەو ماوەیەدا پارەکە نادەن، رێکاری یاساییان لەسەر جێبەجێ دەکرێت و تەزووی کارەباکەیان دەپچڕێندرێت."
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی کارەبا دوای بڕینی، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "گەڕاندنەوەی تەزووی کارەبا تەنیا دوای ئەوە دەستپێدەکات کە تەواوی قەرزەکان بدرێنەوە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو 24 کاژێر دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر پارەکە لە رێگەی کارمەندی کۆکەرەوەی پارە درابێت، رەنگە کاتێکی زیاتر بخایەنێت."
پڕۆژەی رووناکی داوا لە هاوبەشان دەکات بەردەوام لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەکەوە چاودێریی پسوولەکانیان بکەن بۆ ئەوەی دووچاری بڕینی کارەبا نەبنەوە.
بڕینی کارەبای سەرپێچیکاران و قەرزداران پشتبەست بە مادەی 22 لە رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2025 جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا هاتووە هەر هاوبەشێک دوای 50 رۆژ قەرزەکەی نەداتەوە، خزمەتگوزاریی کارەبای لێ دەبڕدرێت.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024دا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکیی راگەیاند، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.




