رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، زیاتر لە 1.34 ملیۆن خێزان لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دابەشکردنی نەوتن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پارێزگاکان، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 270 ملیۆن لیتر نەوتە، بەغداش بەڵێنی داوە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە ناردنی بەشەنەوتی ماڵان بکات.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستمان بە 270 بۆ 280 ملیۆن لیتر نەوتە، لە کاتێکدا پار بەغدا تەنیا 50 ملیۆن لیتری نارد کە ئەوەش بەشی تەواوی هەرێمی کوردستانی نەدەکرد."
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمساڵیش بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، ئومێد خۆشناو گوتی: "بەغدا بەڵێنی داوە سەرەتای مانگی داهاتوو بەشەنەوتی ماڵانی هەرێمی کوردستان بنێرێ. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و لەگەڵ گەیشتنیدا، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردن دەکەین و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکەین."
هەولێر و دەوروبەری بە ناوچە شاخاوییەکانییەوە ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، ئەگەر هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی بدرێتێ.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "پارێزگای هەولێر بە کۆیە، شەقڵاوە، خەبات و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ساڵانە پێویستی بە 80 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ وەجبەی یەکەم ئەگەر هەر ماڵێک 200 لیتر وەرگرێت، هاوکات ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش پێویستی بە 20 ملیۆن لیترە؛ واتا بە کۆی گشتی ساڵانە پێویستمان بە زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر هەیە."
بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، پارێزگای هەولێر 503,553 خێزانی هەیە و 100,710,600 لیتر نەوتی پێویستە.
سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین؛ 485 هەزار ماڵ نەوتیان دەوێت
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان، سەرمای زووتر دەستپێدەکات و ناوچە شاخاوییەکان بەپەلە پێویستیان بە سووتەمەنییە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 485 هەزار ماڵ لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەن. ئەگەر 200 لیتر بدرێت بە هەر خێزانێک، پێویستمان بە 110 ملیۆن لیتر نەوتە. ئێمە وەک پارێزگا ئامادەین و چاوەڕوانی ناردنی نەوتەکە دەکەین."
بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پارێزگای سلێمانی 519,000 خێزانی هەیە و پێویستی بە 103,800,000 لیتر نەوتە.
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "هەرچەندە بە فەرمی کاتی ناردنەکە دیارینەکراوە، بەڵام داوای فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و پەیوەندیمان پێوەکردوون کە لە سنووری ئێمەدا، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکانی وەک پێنجوێن، شارباژێڕ و قەڵادزێ سەرما زوو دەستپێدەکات و پێویستە ئەم بابەتە بە هەند وەربگیرێت."
پارێزگای دهۆک: پێویستمان بە 70 ملیۆن لیترە
بەهۆی سەختیی کەشوهەوای ناوچەکە لە زستاندا، پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی نەوت کردووە.
مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ساڵانە پێویستمان بە نزیکەی 70 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ماڵان، ئەم بڕەش بەپێی ژمارەی ئەو خێزانانە هەژمار کراوە کە ئێستا لە سنووری پارێزگاکە و ئیدارەی زاخۆدا نیشتەجێن."
بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە ئاراستەی بەغدا کراوە بۆ داواکردنی نەوت، پارێزگای دهۆک 290,000 خێزانی هەیە و پێویستی بە 58,000,000 لیتر نەوتە. هەروەها پارێزگای هەڵەبجەش 31,000 خێزان لەخۆدەگرێت، کە پشکەکەی بریتییە لە 6,200,000 لیتر نەوت.
تاوەکو ئێستا وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا پرۆسەکە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستی پێ دەکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکان بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە کردووە؛ بەجۆرێک لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 160 هەزار دینار بوو، لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا گەیشتە 200 هەزار دینار و لە مانگی ئەیلوولیشدا بۆ سەرووی 300 هەزار دینار بەرزبووەوە.


