رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 20 نوێنەری جووتیاران کە ئەندامانی کۆمەڵەکەیان لە کەرکووک هەڵدەبژێرن کورد و تورکمانی تێدا نییە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگا پەنا بۆ دەستەی دەستپاکی دەبات بۆ رێگرى لە هەڵبژاردنەکە.
بڕیارە هەڵبژاردنەکە ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پێنج ئەندامی کۆمەڵەی جووتیارانی کەرکووک بکرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە کۆی 20 نوێنەری جووتیاران کە لە چوار قەزای کەرکووک هەڵبژێردراون و ئەوانیش پێنج ئەندامەکەی کۆمەڵەی جووتیاران هەڵدەبژێرن، هیچ کورد و تورکمانێکی تێدا نییە.
نوێنەری جووتیاران لەسەر ئاستی قەزاکانی دووبز، حەویجە، داقووق، ناوەندی کەرکووک هەڵبژێردراون، ئەوانیش پێنج ئەندامی کۆمەڵەی جووتیارانی کەرکووک و دوو ئەندامی یەدەگ هەڵدەبژێرن.
عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، سکاڵای لە دەستەی دەستپاکی کردووە لەبارەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی نوێنەری جووتیاران لە قەزاکان کە بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان نەبووە و لە حەویجە بەر لە سێ رۆژ لە هەڵبژاردنەکە وادەکەی دیاریکراوە لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا دەبوو 15 رۆژ پێشتر وادەکەی رابگەیێنرێت.
ئەو کۆمەڵەیەی کەرکووک سەر بە کۆمەڵەی جووتیاران و هاوکاریی گشتی دەبێت لە بەغدا کە ئەرکی سەرەکی بەدواداچوونی کێشەی جووتیاران دەبێت لە عێراق.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێیوایە بوونی کورد لەو کۆمەڵەیەی کەرکووک گرنگە بەتایبەت کە کاری پشتیوانی جووتیاران و دەستکەوتنى شایستەکانیانە و بە پاڵپشتى ئەو کۆمەڵەیەش جووتیاران لە باج دەبەخشرێن.


