رووداو دیجیتاڵ
مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، بەڵێنی دا لە نزیکەوە لەگەڵ نوێنەری سووریا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات.
رۆژی سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو پرسیارێکی ئاراستەی مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا کرد سەبارەت بەو تووندوتیژییانەی رووبەڕووی هاونیشتمانییانی ئاوارە لەکاتی گەڕانەوەیان دەبنەوە.
پەیامنێری رووداو پرسی، "ئاوارە کوردەکان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و چەند ڤیدیۆیەک لە ئینتەرنێت هەن کە سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان نیشان دەدەن. سەتان کەسیان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە. پەیامتان بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا چییە بۆ ئەوەی ئاوارە کوردەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە؟"
لە وەڵامدا مایک وۆڵتز گوتی، "ئەوانەم نەبینیوە و ناتوانم لەسەر شتێک کە نەمبینیوە لێدوان بدەم، بەڵام بێگومان لەگەڵ نوێنەرەکەیان لێرە قسە دەکەم."
رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، دەیان خێزان لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتیی گرێ سپی گەڕانەوە شارەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بە مەبەستی پێشکێشکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانی خاوەندارێتیی زەوی و خانووەکانیان. بەڵام لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن ژمارەیەک نیشتەجێبووەوە هێرشیان کرایە سەر و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیێنرا.
وێڕای بەڵێنی بەدواداچوون بۆ کێشەی ئاوارەکان، نوێنەرەکەی ئەمریکا جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتن کردەوە بۆ پاراستنی پێگەی کورد لە سووریا و بە رووداوی گوت، "وەک دەزانیت، ئێمە پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵیان بۆ تێکەڵکردنی کورد لەنێو حکومەتەکەیان، لەناو سوپاکەیان و لەنێو کۆمەڵگەدا."
دەقی پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو و وەڵامی مایک وۆڵتز:
رووداو: پرسیارێک سەبارەت بە سووریا. ئاوارە کوردەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و چەند ڤیدیۆیەک لە ئینتەرنێت هەن کە سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان نیشان دەدات. سەتان کەسیان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە. پەیامتان بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا چییە بۆ ئەوەی ئاوارە کوردەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە؟
مایک وۆڵتز: من ئەوانەم نەبینیوە. ناتوانم لەسەر شتێک کە نەمبینیوە لێدوان بدەم. بێگومان لەگەڵ نوێنەرەکەیان لێرە قسە دەکەم. وەک دەزانیت، ئێمە پەیوەندیی بەردەوامان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵیان بۆ تێکەڵکردنی کورد لەناو حکومەتەکەیان، لەناو سوپاکەیان و لەناو کۆمەڵگەدا.


.webp&w=3840&q=75)