رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی (نێ)ی سەر بە شاری مەریوان نیگەرانن لەوەی منداڵەکانیان لەنێو "قوتابخانەیاکی کۆن و بێ خزمەتگوزاریدا" دەخوێنن و داوای دروستکردنی بینایەکی شایستە دەکەن.
محەممەد قەساب، هاونیشتمانیەکی گوندی نێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قوتابخانەی گوندەکەمان هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە؛ ئێستا کە وەرزی سەرما هاتووە، کەچی قوتابخانەکە هیچ سیستمێکی گەرمکەرەوەی نییە و مەترسیی نەخۆشکەوتنی بەردەوام لەسەر منداڵەکانمان هەیە."
محەممەد قەساب دەشڵێت، قوتابخانەکە لە رووی تەندروستی زۆر خراپە و توالێتەکانی زۆر پیسن.
بە گوتەی محەممەد، حەوشەی قوتابخانەکە هەموو درک و دارە و رێگەکەی خراپە و دیوار بۆ قوتابخانەکە نەکراوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکارییان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە یان دروستکردنی قوتابخانەیەکی گونجاو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و دەڵێت، "وەرزی خوێندن دەستی پێکردووە و نازانین لەم سەرماوسۆڵەیەدا چۆن منداڵەکانمان بنێرینە بەر خوێندن لەشوێنێکدا کە هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە."
محەممەد قەساب دەشڵێت؛ بۆ ئەم ساڵ تەنیا 65 قوتابی لە گوندەکە دەرس دەخوینن کە لەو قوتابخانەیدا دەخوێنن و قوتابیەکانی دیکە یان دەچنە مەریوان یان دەچنە گوندی کانی سانان و بەشێک لە قوتابییەکانیش وازیان لە خوێندن هێناوە.
محەممەد گوتیشی: "نیگەرانن لەوەی قوتابخانەی گوندەکەیان بەو شێوەیە، چونکە کۆچەر بیرکار لەو شوێنە دەرسی خوێندووە و تاوەکو ئێستا 47 دکتوری مەریوان لەو قوتابخانەیە پێگەشتوون."
گوندی (نێ)، نزیک شاری مەریوانە لە پارێزگای سنە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە چوار هەزار کەسە.
ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 23ـی ئەیلوولەوە دەستی پێکردووە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لەم ساڵ دا نزیکەی 16 ملیۆن و 700 هەزار قوتابی دەستیان بەخوێندن کردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 830 هەزاریان لە پێنج پارێزگا کوردنشینەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانن (سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام و لوڕستان).



.webp&w=3840&q=75)