رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، 28-10-2026، دایک و باوکی ئەو سێ منداڵەی لە رێگەی کۆچی نایاساییدا لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یونان خنکان، لەگەڵ تەرمی دوو لە جگەرگۆشەکانیان لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و دواتر تەرمەکانیان گەیێندرێنەوە شاری سلێمانی.
رووداوە دڵتهێنەرەکە لە 14-10-2026 لە ئاوی مەریچ لە ناوچەی ئەدرنەی تورکیا روویدا. لەو رووداوەدا مێلای تەمەن ٤ ساڵ و هەریادی تەمەن ١٠ ساڵ گیانیان لەدەستدا، بەڵام هێشتا تەرمی هەستیاری تەمەن ١٢ ساڵ و برا گەورەیان نەدۆزراوەتەوە.
دایکی منداڵەکان بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە بە رووداوی راگەیاند: "تەنیا یەک داواکاریم هەیە، ئەویش ئەوەیە تەرمی منداڵەکەی دیکەشم بۆ بهێننەوە."
لە لایەکی دیکەوە، هەرێم محەممەد، باوکی منداڵەکان بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەکانی مندا، تەرمی حەوت کۆچبەری دیکە لە ناو ئاوەکەدا دۆزراونەتەوە."
پێش بەخاکسپاردنیان، بۆ دواین ماڵئاوایی تەرمی مێلا و هەریاد برانەوە بۆ ئەو کۆڵانەی ماڵەکەیانی لێیە. ئەو منداڵانەی ڕۆژانێک لەگەڵیاندا یارییان دەکرد، ئێستا بڕوایان بە کۆچی دوایی هاوڕێکانیان ناکات.
هەمزە هاوژین، هاوڕێی منداڵەکان بە رووداوی گوت: "پێیان گوتم دەڕۆین بۆ ئەورووپا و دوعامان بۆ بکەن؛ کاتێک گوتیان مردوون بڕوام نەکرد، پاشان کاتێک مامۆستاکەم پێی گوتم مردوون، لە هۆش خۆم چووم."
هەروەها محەممەد جەلال، هاوڕێیەکی دیکەی منداڵەکان بە رووداوی گوت: "جێگەیان بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە و بەم ڕووداوە ئەژنۆم شکاوە."
بەپێی زانیارییەکانی کەسوکاری قوربانییەکان، ئەو باندەی قاچاخچییانەی خێزانە پێنج کەسییەکەی هەرێمیان هەڵخەڵەتاندبوو بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بیانگەیەننە ئەڵمانیا، کوردن. دوو لە قاچاخچییەکان خەڵکی هەولێرن و لە دەرەوەی وڵاتن، کەسێکی دیکەشیان لە ناو هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە.
بارزان رەزا، خاڵی منداڵەکان لەبارەی دۆسیەی قاچاخچییەکانەوە بە رووداوی راگەیاند: ''ئەو قاچاخچییەی لە ناو هەرێمی کوردستان بوو دەستگیرکراوە، دەگوترێت یەکێکی دیکەشیان لە تورکیا گیراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی دڵنیا نین ڕاستە یان نا."
دوای 14 رۆژ لە گەڕانی بەردەوام، هێشتا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی هەستیار هەرێم بەردەوامن و خێزانەکەی چاوەڕێی گەڕانەوەی دوایین جگەرگۆشەیانن.


