رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا پرۆسەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک (کۆبۆنی خۆراک) لەو ناوچانەی ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە رابگیرێت، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی نووسراوی فەرمیی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیارەکە بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق – فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونو کە بە ژمارە (7174) لە 2026/10/21 دەرچووە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار/ دەستەی راوێژکاران و پسپۆڕان کراوە، وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، ئاماژە بە راگرتنی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کراوە.
لە نووسراوەکەداو کە واژۆی مستەفا نەزار جومعە، وەزیری بازرگانیی عێراقی بەسەرەوەیە هاتووە: "ئاماژە بە نووسراوی سکرتارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران / لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق بە ژمارە 590 لە 2026/7/30 کە تێیدا هاتووە گواستنەوەی ئەو فۆڕمە خۆراکییانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140 رابگیرێت، سەرجەم لقەکانی دابەشکردنی خۆراک لە بەغدا و پارێزگاکان ئاگادار کراونەتەوەو کە بە تەواوی پابەندی ناوەڕۆکی بڕیارەکە بن."
ئەم بڕیارە بۆ رێگریکردنە لە هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی و ئیداری لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا لە رێگەی گواستنەوەی تۆماری فۆڕمی خۆراکەوە، تاوەکو ئەو کاتەی پرۆسەی ماددەی 140ی دەستوور بە تەواوی یەکلا دەکرێتەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2020، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە هەنگاوێکی گرنگ و باشە بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140، چونکە پێشتر خەڵکانێک هەوڵیانداوە لە دەرەوەی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 فۆڕمی خۆراکی بگوازنەوە، کە ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە".
بە گوتەی عەبدوڵڵا میروەیس، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵە لە ئەنجوومەنەکە، "ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە خەڵکی رەسەنی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقن".
ئەو مادەیە لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 20 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.



