رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەش گەنجی دیکەی دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانی کە لە لیبیا رزگار کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 14 کوردی دیکە لە زیندانەکاندا دۆزراونەتەوە و گەڕان بۆ 10 کەسیش کە چارەنووسیان نادیارە بەردەوامە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-10-2026 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "دوای پێگەیشتنی هەواڵی بێ سەروشوێنبوونی ژمارەیەك گەنجی دەڤەری راپەڕین لە ماوەکانی رابردوو، لەسەر فەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە راسپێردران رێکاری خێرا بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی بگرنە بەر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەش گەنجی دیکە بەسەلامەتی بەیاوەری نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، گەیەندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان".
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، گەنجەکان زیاتر لە دوو مانگ لە لیبیا ماونەتەوە و چواریان خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، یەکێکیان خەڵکی قەزای کۆیەیە و ئەوەی دیکەشیان دانیشتووی قەزای دووکانە.
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە گەڕانەوەی ئەم شەش گەنجە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ماوەی ساڵێکدا لە توونس و لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان 500 کەسی تێپەڕاندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکاریەکانیان بۆ پێشوازی و کارئاسانی و هاوئاهەنگی لەنێوان تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دابوو، کە دوای ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەری پزیشکی لەلایەن تیمە تەندرووستیەکانی فڕۆکەخانە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ گەنجەکانیان رادەستی خێزانەکانیان بەسەلامەتی کردەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 14 گەنجی دیکەی کورد لە زیندانەکانی لیبیا دۆزراونەتەوە و هەنگاوەکانی دەرهێنان و هێنانەوەیان لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە دەستی پێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونی مامەڵەکانیان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
09ی ئەم مانگە 11 کۆچبەری دیکەی کورد کە لە لیبیا گیریان خواردبوو، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 گرووپێک گەنجی کورد کە 33 کەس بوون و لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. دوای ماوەیەک و لە رۆژی هەینی 25-09-2026، سێ گەنجی دیکەی هەمان گرووپ گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون لە پارێزگای سلێمانی.
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانییان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکار نەهێنن.


