رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، دەیان خێوەت لە هەردوو کەمپی سەرێکانی و واشۆکانی ژێرئاوکەوتن و سەدان خێزان ئاوارە و دەربەدەر بوون. ئەندامێکی لیژنەی ئاوارەکانیش داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات بەهانایانەوە بچێت.
محەممەد حاجۆ، ئەندامی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی شەوی رابردووەوە دۆخێکی مرۆیی کارەساتبار هاتووەتە ئاراوە و گوتی, "بەشی زرگان لە کەمپی سەرێکانی بەتەواوی ژێرئاوکەوتووە و زیاتر لە 50 خێوەت ئاو بردوونی؛ خەڵکەکە هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ زستان نەکردبوو، چونکە پێیانگوترا بوو پێش وەرزی سەرما دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
محەممەد حاجۆ باسی لە دۆخی ئاوارەکان کرد و گوتی, "ئەوەی ویژدان دەهەژێنێت دۆخی منداڵە ساواکانە، کارەبا بە تەواوی بڕاوە و بەساڵاچووان لە کاتی رزگارکردندا دەکەوتنە نێو قوڕولیتە و لافاوەکەوە؛ شوێنێک نەماوە خەڵک لێی بحەوێتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاوارەکان ئاماژەی بەوە کرد کە زیانی سەرەکی بەر کەمپی واشۆکانی کەوتووە، چونکە تەواوی شوێنی نیشتەجێبوونەکانیان خێوەتن، گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 150 خێزانمان گواستووەتەوە بۆ شوێنی ئارام، بەڵام ئەگەر باران بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هەردوو کەمپەکە بە تەواوەتی لەنێودەچن."
سەبارەت بە هەوڵەکانی فریاگوزاری، حاجۆ ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە هەوڵە سەرەتاییەکانی مانگی سووری کورد و شەڕڤانانی یەپەژە، هاوکاریی پێویست نەگەیشتووەتە کەمپەکان.
محەممەد حاجۆ لە رێگەی شاشەی رووداوەوە داوای هاوکاریی کرد و گوتی: "داوا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین، کە هەمیشە و لە هەموو قەیرانەکاندا پێشەنگ بووە لە بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی سەرێکانی، لەم ساتە سەختەدا هاوکاریی مرۆیی و بەپەلە بگەیێنێتە کەمپەکان و خەڵکی ئێمە بەتەنیا جێنەهێڵێت."


