رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بێبەشکراون لە وەرگرتنی کارتی نیشتمانی، وەزیری ناوخۆی عێراق بەڵێنی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکەی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەدات.
ئەم پرسە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەغدا تاوتوێ کراوە.
هەڵات بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە کێشەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە پێشتر ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون و لەوێ هاوسەرگیرییان کردووە، هەندێکیان زیاتر لە 30 ساڵە گەڕاونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانییان پێنەدراوە"
سەبارەت بە وەڵامی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ داواکارییەکەیان، هەڵات بەرواری گوتی: "وەزیری ناوخۆی عێراق بەڵێنی دا کە لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەم پرسە پێکدەهێنن."
نەبوونی کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی فەرمی، کێشەی گەورەی بۆ ئەم خێزانانە دروستکردووە، بە جۆرێک رووبەڕووی ئاستەنگی دامەزراندن بوونەتەوە و بەشێکیان تەنانەت نەیانتوانیوە منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان ناونووس بکەن.
هەڵات بەرواری ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لەو کەسانە خەڵکی رەسەنی باشووری کوردستانن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناوچە دوورەدەست و سنوورییەکان ژیاون، ناویان لە تۆمارەکانی پێشووی باری شارستانیی عێراق نەبووە و ئێستاش سیستمی ئەلیکترۆنی کارتی نیشتمانییان بۆ دەرناکات.
پەروین ئەکرەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە بە رووداوی گوت: "وەزیری ناوخۆ ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری پرسەکە نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی ئەو کەسانە بە فەرمی ئاراستەی بەغدا بکات."
بەپێی یاسای رەگەزنامەی عێراقی، وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی هەیە رەگەزنامە بداتە هەر کەسێک کە 10 ساڵ بە شێوەیەکی یاسایی لە عێراق مابێتەوە، یان هەر بیانییەک کە هاوسەرگیریی لەگەڵ هاووڵاتییەکی عێراقیدا کردبێت و پێنج ساڵ لە وڵاتەکەدا ژیابێت.
بەشێکی زۆر لەوانەی لە هەرێمی کوردستان بێ ناسنامەن، ئەو کوردانەی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن کە دەیان ساڵە ئاوارەن. بە گوتەی هەڵات بەرواری ئەگەر یاسای مانەوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت ئەوانیش دەتوانن کارتی نیشتمانی بەدەستبهێنن، بە مەرجێک 10 ساڵ بەسەر مانەوەیان تێپەڕبووبێت.




