رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی نوێی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا سەبارەت بە لکاندنی زانکۆی کۆبانێ بە زانکۆی حەلەب، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لای مامۆستایان و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە دروستکردووە. ئەوان داوا دەکەن تایبەتمەندی و سەربەخۆیی زانکۆی کۆبانێ بپارێزرێت و مافە ئەکادیمییەکانیان نەفەوتێت.
فازڵ خەلیل، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی کیمیا لە زانکۆی کۆبانێ سەبارەت بەم بڕیارە بە رووداوی گوت: "نیگەرانی داهاتووی زانستیی خۆمم، سێ ساڵە لێرە دەخوێنم. لەبەر بڕیارێک نامانەوێت بچینە زانکۆی حەلەب. دەمەوێت زانکۆی کۆبانێ وەک خۆی بمێنێتەوە و ناوەکەشی پارێزراو بێت؛ دەمەوێت هەر لێرە بەردەوام بم."
بڕیارەکە بووەتە هۆی ئەوەی مامۆستا و خوێندکاران بە راگەیێندراوێکی هاوبەش داوای پاراستنی تایبەتمەندییەکانی زانکۆکەیان بپەڕێنن.
هندرین حاج مەحموود، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆلۆجی لە زانکۆی کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند: "دەڵێن با زانکۆی کۆبانێ وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ نەمێنێتەوە و ببێتە بەشێک لە زانکۆی حەلەب. ئێمە وەک خوێندکاران ئەمە قبووڵ ناکەین و دەمانەوێت زانکۆکەمان وەک خۆی بەردەوام بێت. ئێمە دژی یەکگرتنەوە نین، بەڵام دژی ئەو جۆرە یەکگرتنەوەیەن کە مافی خوێندکارانی تێدا روون نەبێت و ئەو هەموو ماندووبوونە ئەکادیمییەمان تێیدا بفەوتێت."
بۆ مامۆستایانی زانکۆکەش، نیگەرانییەکان تەنیا پرسی کارگێڕی نین، بەڵکو پەیوەستن بە ڕۆڵ و شوێنی زانکۆی کۆبانێ لە داهاتووی سیستم و خوێندنی باڵای سووریادا.
ئاراس حسۆ، مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند: "گوتمان با لەنێو زانکۆی حەلەبدا جێگەی خۆمان بگرین، بەڵام پێویستە تایبەتمەندیی هەرێمی کۆبانێ رەچاو بکرێت و وەک یەکەیەکی سەربەخۆ لەگەڵ بەشەکانیدا یەکبگرێتەوە. پێویستە لانیکەم ڕێککەوتنێک هەبێت و رێکارە ئەکادیمییەکان بە دروستی پەیڕەو بكرێن، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەوەش نەکراوە و بڕیارەکە بە شێوەیەکی سەرووخۆیانە دەەرچووە."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا جەختی کردەوە: "دەگوترێت بڕیارەکە بەپێی بنەماکانە، بەڵام کوا بنەماکان؟ هیوادارین بە شێوەیەکی جدی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە، چونکە نە خوێندکاران و نە مامۆستایان ئەم بڕیارە بەم شێوازەی ئێستا قبووڵ ناکەن."


