رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری ئامەدی ئاکپارتی رایگەیاند، کارەکانی دانانی سیستمی نیشتنەوەی ئەلیکترۆنی (ILS) لەسەر رێڕەوی یەدەگی فڕۆکەخانەی ئامەد، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەشتی ئاسمانی دەستیپێکردووە، لە قۆناخی کۆتاییدایە و بەمنزیکانە دەکەوێتە کار.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، غالیب ئەنساریئۆغڵو، لەبارەی بابەتەکەوە لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆی لە ئێکس روونکردنەوەی دا و بیری هێنایەوە کە پار، لە کاتی کارەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی سەرەکیی فڕۆکەخانەکەدا، گەشتەکان لە رێگەی رێڕەوی یەدەگەوە ئەنجام دەدران.
ئەنساریئۆغڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی نەبوونی ئامێری ILS (سیستمی نیشتنەوەی ئەلیکترۆنی) لەسەر رێڕەوی یەدەگ، بەتایبەتی لە کەشوهەوای تەمومژاوی و نالەباردا، گەشتەکان هەڵدەوەشانەوە یان دوادەکەوتن، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی گەشتیاران.
ئەنساریئۆغڵو، باسی لەوە کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گواستنەوەی ئاسمانی، پەیوەندییان بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەتەوە کردووە و رایگەیاند، لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا بڕیاری دانانی سیستمی ILS لەسەر رێڕەوی یەدەگ دراوە.
ئەنساریئۆغڵو، ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستمەکە لە ماوەیەکی کورتدا دەکەوێتە کار.
پۆستەکەی سۆشیاڵ میدیای ئەنساریئۆغڵو دوای ئەوە هات، بەهۆی باران بارینەوە، دوێنێ و ئەمڕۆ ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ئامەد هەڵوەشێنرانەوە.
لەمبارەیەوە، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رەخنەی توندی لە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا گرت. داوای کرد بەپەلە کاری نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی فڕۆکەخانەکە تەواو بکات و سیستمی نیشتنەوەی ئەلیکترۆنی کارا بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیەی فڕۆکەخانەکە.
ئایشەگول دۆغان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند کە گواستنەوەی ئاسمانی لە ئامەد لەگەڵ هاتنی هەر وەرزی زستانێکدا رووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە و هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن.
جەختی لەوە کردەوە کە گواستنەوەی ئاسمانی لە ئامەد لاوازە و ئەو گەشتە سنووردارانەی هەشن، لە وەرزی زستاندا بە بیانووی جیاوازی وەک تەم، باران، بەفر و زریان، یان هەڵدەوەشێنرێنەوە یان دوادەکەون.
دۆغان بە تەنزەوە نووسیویەتی: "گەیشتن بە ئامەد خۆی کێشەیەکە، متمانەکردن بە گەشتەکانیش کێشەیەکی دیکەیە."
فڕۆکەخانەی ئامەد لە ساڵی 1952 کراوەتەوە و بۆ هەردوو بواری شارستانی و سەربازی بەکاردەهێنرێت.
بەپێی داتاکانی ساڵی 2025، پێشوازی لە زیاتر لە 2.2 ملیۆن گەشتیار کردووە کە لە رێگەی هێڵەکانی ئاسمانیی نێوخۆ و دەرەوە فڕۆکەخانەی ئەو شارەیان بەکارهێناوە.



