رووداو دیجیتاڵ
وێڕای راگیرانی جەنگ لە ناوچەکەدا، بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 30 رۆژی مانگی تشرینی یەکەمدا، بە پێنج درۆن و چوار مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەراورد بە مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ کەمتر لە نیوە کەمیان کردووە.
هێرشەکانی ئەم مانگە سەرجەمیان بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانیان بۆ رووداو، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانییان نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوبات تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026 بە 1021 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.
هێرشەکانی مانگی 10 ئەمانەن:
- دووشەممە 12-10-2026، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر حدکا لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- پێنجشەممە 08-10-2026، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک تۆپزاوا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- چوارشەممە 21-10-2026، پارتی ئازادیی کوردستان رایگەیاند بە چوار "مووشەکی بالیستی" هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکی ئەو حیزبە لە دۆڵی بالیسان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
شەممە 24-10-2026 بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هێرشی مانگەکانی پێشوو:
- مانگی رابردوو (مانگی 9) بە 23 درۆن و شەش مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە 18 درۆن و یەک مووشەک بۆ سنووری هەولێر، چوار درۆن و پێنج مووشەک بۆ سنووری سلێمانی بووە و یەک مووشەکیش لە سنووری هەڵەبجە کەوتە خوارەوە.
- مانگی هەشتی ئەم ساڵ بە 22 درۆن و مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان.
- مانگی حەوت بە 88 درۆن و مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان.
- مانگی شەش بە 16 درۆن و مووشەک هێرش کرابووە سەر هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو پێنجشەممە 01-10-2026 هەرێمی کوردستان بە 1021 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 703 هێرش
- پارێزگای سلێمانی: 282 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: پێنج هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر شەهید بوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە هێرشەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکەش پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.

