رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارانی زانکۆی یوزونجو ییلی وان، کە بەشێکیان زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکانی پێشوون، راهێنانی تیۆری و کرداری وەردەگرن بۆ ئەوەی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا هاوکاریی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بکەن.
نزیکەی 700 خوێندکاری زانکۆی یوزونجو ییلی وان، کە بەشێکیان کاریگەریی بوومەلەرزەکانی 2011ی وان و 6ی شوباتی 2023 لەسەر بووە، بوونەتە خۆبەخشی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا بە مەبەستی رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە هەر کارەساتێکی ئەگەریدا.
لە چوارچێوەی پلانی وەڵامدانەوەی کارەساتەکانی تورکیادا، لە 21ی ئەیلوولەوە کە ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردووە، 700 خوێندکار بەشدارییان لە سیستەمی خۆبەخشیی ئەو دامەزراوەیەدا کردووە و لە رێگەی راهێنانی تیۆری و کردارییەوە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان ئامادە دەکەن.
خوێندکارەکان لە دەرەوەی کاتەکانی وانەخوێندن، راهێنانی تیۆری لەلایەن کەسانی ئەکادیمی وەردەگرن و لە گۆڕەپانی زانکۆشدا، بە سەرپەرشتیی کەسانی پسپۆر ، راهێنانی کرداری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن ئەنجام دەدەن.
لە راهێنانەکاندا، ئامێر و کەرەستەکانی گەڕان و رزگارکردن بە خوێندکاران دەناسێندرێن و زانیارییان پێدەدرێت لەبارەی ئەوەی پێش کارەسات، لە کاتی کارەسات و دوای کارەسات چی بکرێت.
حەمدوڵڵا شێڤلی، سەرۆکی زانکۆی یوزونجو ییلی وان، بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند، بۆ زیندوو هێشتنەوەی هۆشیاریی بەرامبەر کارەساتەکان، چالاکی رێکدەخەن و گوتی: "لەناو خوێندکارە خۆبەخشەکاندا کەسانێک هەن کە لە بوومەلەرزەکانی وان و 6ی شوباتی 2023دا لەژێر داروپەردوودا رزگارکراون."
سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەشی "بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و کارەسات" لە زانکۆکەیان یەکێکە لەو بەشانەی کە لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین خواستی لەسەرە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کوالێتیی خوێندن، ژێرخانی بەهێز و هاوئاهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو تورکیا.
لە 23ی تشرینی یەکەم و 9ی تشرینی دووەمی 2011دا دوو بومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 5.6 لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان روویاندا.
بەپێی ئاماری فەرمی، 644 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 966 کەسیش بریندار بوو؛ 252 کەسیش لەژێر داروپەردوودا بە زیندوویی رزگار کراون.


