رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێ، لە پێکدادانێکی زنجیرەیی 10 ئۆتۆمبێلیدا 15 کەس بریندار بوون.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026 رایگەیاند، رووداوەکە لە رێگەی سەرەکیی نێوان ورمێ و سەڵماس روویداوە کە تێیدا 10 ئۆتۆمبێل بە زنجیرەیی پێکیانداداوە.
لە رووداوێکی دیکەدا لە رێگەی نێوان هۆلەیلان و کویەشت لە پارێزگای ئیلام، کەسێک گیانی لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.
حەمزە محەممەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026 و لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی هۆلەیلان بۆ کویەشت، دوو ئۆتۆمبیلی جۆری مینی پاس و پراید پێکیاندادا و لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلی پرایدەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و 12 سەرنشینیش بریندار بوون.
حەمزە محەممەدی موقەدەم ئاماژەی بەوەش کرد، دوو لە بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی مانگی سوور و 10 بریندارەکەی دیکەش لەلایەن فریاکەوتنی خێراوە رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون.
بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-3-2026، 19 هەزار و 540 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدا.

