رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی مووش، قەرس و ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان بەفر باری. بەفر لە مووش بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە هاتووچۆدا و تیمەکان دەستیان بە کارکردن کرد بۆ کردنەوەی رێگاکان.
رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای مووش بەفر باری و لووتکەی چیاکان سپی پۆش بوون. لە چیای چاوشتەپە کە بەرزییەکەی 2 هەزار و 550 مەترە، بەفرێکی زۆر باری.
بەهۆی بەفرەوە لەسەر رێگەی کۆمەڵێک گوندی سێماڵ لە چیای چاوشتەپە، شۆفێران لە هاتووچۆدا رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە.
تیمەکانی کارگێڕیی پارێزگای مووش دەستیان بە راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگاکان کرد.
لە ناوچە شاخاوییەکانی قەزای قاموشانی پارێزگای قەرس، کە بە سەنتەرەکانی خلیسکێنە و گەشتیاریی زستانە ناسراوە، یەکەم بەفری ساڵ باری.
لە سەنتەری خلیسکێنەی قاموشان، ئەو بارانەی لە کاژێرەکانی ئێوارەوە دەباری، جێگەی خۆی بۆ بەفر چۆڵکرد و لای بەشی سەرەوەی شوێنەکە کە 2 هەزار و 634 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، سپیپۆش بوو.
هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ئەرزەڕۆمیش دوای باران، بەفر باری. بەفر لووتکەی چیای پاڵاندۆکانی سپیپۆش کرد، کە بەرزییەکەی دەگاتە 3 هەزار و 176 مەتر.
لەگەڵ بارینی یەکەم بەفری ساڵ لە هەر سێ پارێزگاکەی باکووری کوردستان، دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش دروست بوون.
پارێزگاکانی مووش، قەرس و ئەرزەڕۆم لەو پارێزگایانەی باکووری کوردستانن کە وەرزی زستانیان زوو دەستپێدەکات، ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت و بەفرێکی زۆریان لێ دەبارێ.


