رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەڵێ، 18 گۆڕی بە کۆمەڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا هەڵدەدەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراونی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "18 گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال ئامادەکراون بۆ هەڵدانەوە. بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و شێوازی هەڵدانەوەی گۆڕەکان سەردانی بەغدا دەکات."
ئارام نووری گوتی، "گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ سەردەمی داعش دەگەڕێنەوە و بە هاوئاهەنگیی حکومەتی عێراق پرۆسەی هەڵدانەوەیان جێبەجێ دەکرێ."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شەهیدان باسی لەوە کرد، "پێشتر هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کاتێکی زۆری پێدەچوو، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتوون کە هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، دەبێت هەردوولا بە زووترین کات هەڵیبدەنەوە و بە مەبەستی ناسینەوەیان پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ رووفاتەکانیان بکرێ."
بەگوێرەی ئەو داتایانەی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەستیکەوتووە، "لەدوای هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال 90 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە. لەو ژمارەیە 78 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە کە 857 رووفاتیان تێدابووە."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی پێشبینی دەکرێ لەنێو ئەو 18 گۆڕەدا بن، ئارام نووری رایگەیاند، "ناتوانین ژمارەکان دیاری بکەین، بەو پێیەی ئەگەر گۆڕەکە دوو کەسی تێدابێت یان 20 کەسی تێدابێت هەر بە گۆڕی بە کۆمەڵ هەژمار دەکرێ، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکان زۆرینەی ئەوانەی لەو گۆڕانەدان پیاون."
رۆژی 3ی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردسەر سەر سنووری شنگال و هاونیشتمانییان لە سنوورەکە کۆمەڵکوژ کرد.



