رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی هاوبەشی دوو زانکۆی باکووری کوردستان لێکۆڵینەوە لەسەر دەریاچەی وان دەکەن و بەگوێرەی ئەنجامەکان، ئەو دەریاچەیە لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادا 31 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەدەستداوە.
ئەتەمان ئاڵتۆغ ئاتیجی، مامۆستای زانکۆ لەبارەی هەنگاوەکانیان لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێ:"نموونەمان وەرگرتووە و شیکاری بۆ دەکەین. نموونەکان زیاتر لە رووی کەرەستە خۆراکییەکانەوە دەپشکنرێن، وەک ئازۆت و فۆسفۆر کە دەبنەهۆی زیادبوونی بوونەوەرە وردەکانی نێو ئاو. لە تاقیگەکاندا شیکارییان بۆ دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ رەنگ و پیسبوونی رووی ئاوەکەش دەکەین".
ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوانە لە چوارچێوەی راپۆرتێکی زانستیدا دەدرێتە دامەزراوە فەرمییەکان تاوەکو وەک نەخشەرێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەکاربهێندرێ.
ئیبراهیم ئاکا، سەرۆکی کۆمەڵەی گەنجانی (تەما) گوتی: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە دیاریکردنی مەترسییەکانی وشکەساڵییە لەسەر دەریاچەکە. ئەو راپۆرتەی ئامادەی دەکەین خزمەتێکی گەورە بە پارێزگای وان دەکات."
"رووبەری دەریاچەی وان لە 35 ساڵدا 31 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەدەستداوە"
توێژینەوەیەکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان دەری دەخات کە رووبەری دەریاچەکە لە 35 ساڵدا 31 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەم بووەتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، لە ساڵی 1990 تاوەکو 2015، تەنیا 4 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری دەریاچەکە کەمبووەتەوە، بەڵام لە دە ساڵی رابردوودا ئەو کەمبوونەوەیە گەیشتووەتە 27 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
خوێندکارانی زانکۆی یوزونجویڵی وان و زانکۆی ئەردەخان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ژینگەی دەریاچەی وان و تاوتوێکردنی خۆڕاگرییەکەی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، کارێکی مەیدانی دەکەن.
خوێندکارانی خۆبەخشی زانکۆ و ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی تەما لە وان و ئەردەخان، دوو مانگ لەمەوبەر بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، دەستیان بە کارێکی هاوبەش کرد.
پڕۆژەکە بە هاوکاری و پاڵپشتیی وەزارەتی وەرزش و لاوانی تورکیا بەڕێوەدەبردرێ.
خوێندکارانی زانکۆ لە پارێزگای ئەردەخانەوە چوونە پارێزگای وان و لەژێر چاودێریی ئەکادیمیانی پسپۆڕ بەشدارییان لە کارە مەیدانییەکاندا کرد.
خوێندکارە خۆبەخشەکان لە شەش وێستگەی دیاریکراوی دەریاچەکانی وان و ئەرچەکی وان کە لانکەی چەندین جۆری باڵندەن و لە سەرووشیانەوە فلامینگۆ، نموونەی ئاویان وەرگرت. ویستیان زانیاریی هەنووکەیی لەبارەی دۆخی دەریاچەکان بزانن.
پلان وایە ئەو ئەنجامانەی لە پشکنینی نموونەکانەوە دەردەچن، بکرێنە راپۆرتێک و لەگەڵ پارێزگای وان، سەرۆکایەتیی زانکۆی یوزونجویڵی وان، گەورەشارەوانیی وان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەش بکرێن.
ئامانج لەو کارە ئەوەیە هۆشیاری سەبارەت بە پاراستنی دەریاچەکانی وان و ئەرچەک زیاتر بکرێ، سەرچاوەکانی ئاو زیاتر بپارێزرێ و خوێندکارانی زانکۆ رۆڵی کاراتر لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکاندا بگێڕن.
"گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە دەریاچەی وان دەکات"
د. ئایشەگول فەرای گۆکدەرە، مامۆستا لە بەشی زەویناسی لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی یوزونجویڵی وان دەڵێ، گۆڕانی کەشوهەوا لەم دواییانەدا بووەتە کێشەیەکی گەورە و کاریگەرییەکانی لە داهاتوودا بە قورستر هەستیان پێ دەکرێت.
گۆکدەرە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەی بارانبارینی بەخوڕ و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا دەردەکەون کە لەوانەیە زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بگات و گوتی:"ئەم جۆرە پڕۆژە هۆشیاریانە بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا و پاڵپشتیکردنیان لەلایەن یونسکۆوە زۆر بەهادارە. گۆڕانی کەشوهەوا نەوەک تەنیا لێرە، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا کاریگەری دروست دەکات. لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کردوومن، دەبینم کە دەستوەردانی مرۆڤ زۆر زیادی کردووە و ئەم پرۆسەیەی بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر کردووە. بەشداریکردنی گەنجان لەم پرۆسەیەدا گرنگە. هۆشیاری لە تاکەوە لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات و دواتر وەک شەپۆل بڵاو دەبێتەوە؛ بۆیە ئەم کارە زۆر بایەخدارە."
"نموونەی ئاومان لە دەریاچەکان وەرگرت"
دویگو ئۆیمان، مامۆستای زانکۆ و راوێژکاری کۆمەڵەی (تەما) لە زانکۆی یوزونجویڵی وان دەڵێ، ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەکەیان کە 420 کەسە، بەردەوام لە زیادبووندایە.
هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردنی کارای خوێندکاران لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشە ژینگەییەکاندا دەربڕی و گوتی:"لەگەڵ مامۆستایانی پسپۆڕی بوارەکە لە دەریاچەکان نموونەی ئاومان وەرگرت. جێی دڵخۆشییە کە خوێندکارانمان نەوەک تەنیا لەبارەی کەشوهەواوە هۆشیار دەبنەوە، بەڵکو بەشدار دەبن لە پرۆسەکەدا و کێشەکان لە شوێنی خۆیان دەبینن و بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەردا دەکەن. دەریاچەی وان و دەریاچەی ئەرچەک دوو سامانی زۆر گرنگی ناوچەکەمانن. ئامانجمان ئەوەیە بەم لیکۆڵینەوەیە بەرهەمی ئەکادیمی بەدەستبهێنین و ئەنجامەکانیش لەگەڵ پارێزگاکەمان، سەرۆکایەتیی زانکۆ، گەورەشارەوانیی وان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هاوبەش بکەین".
دەریاچەی وان
دەریاچەی وان دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی وان و بەدلیسی باکووری کوردستان. گەورەترین دەریاچەی کوردستان و گەورەترین دەریاچەی سۆدەیی جیهانە. رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە؛ ئاختەمار، چارپاناک، کوزو و یاکا کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روویان تێدەکەن.
رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە. بەشێوەیەکی تێکڕایی بەرزیی ئاستی ئاوەکەی هەزار و 646 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە.
ئەو جۆرە ماسییەی تەنیا لە دەریاچەی وان دەژی
گرنگییەکی دیکەی دەریاچەی وان بوونی ماسییەکە بە ناوی دارەخ. ئەو جۆرە ماسییە تەنیا لە وان هەیە. ساڵانە لە 15ی نیسانەوە تاوەکو 15ی تەمموز، ماسیی دارەخ گەرا دادەنێت و راوکردنی قەدەخەیە.
ئەو جۆرە ماسییە تەنیا لە وان هەیە و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە و سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە 15 هەزار هاونیشتمانییە.
بەگوێرەی ئامارەی فەرمی، ساڵی 2025، وانی باکووری کوردستان پێشوازیی لە 777 هەزار و 369 گەشتیار کردووە.
پار پارێزگای وان لەڕووی ژمارەی گەشتیارانەوە هەشتەمین پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بوو.
چەندین بۆچوون و بەڵگەنامەی مێژوویی لەبارەی تەمەنی ئەو دەریاچەیەی باکووری کوردستان هەن.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، تەمەنی ئەو دەریاچەیە 600 هەزار ساڵە.
دەریاچەیە 103 جۆر رووەک و 36 جۆر ماسی تێدایە. زانایان دەڵێن دەریاچەی وان بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورە لە چیای نەمروود دروستبووە.
ناوی دەریاچەی وان لە سەرچاوە مێژووییەکاندا
لە سەرچاوە مێژووییەکاندا دەریاچەی وان ناوی جۆراوجۆری هەبووە.
ئەو ناوانە لە سەرچاوەکانی ئاشووری، ئورارتۆ، یۆنانی، رۆمانی، ئیسلامی و عوسمانیدا بە شێوەی جیاواز هاتوون.
ناوە مێژووییەکانی دەریاچەی وان
1.دەریای سەروو (Upper Sea) سەرچاوە ئاشوورییەکان
لە نووسراوە و کتیبەکانی پاشاکانی ئاشووردا، ناوی «دەریای سەرەوە» هاتووە.
ئاشوورییەکان باسی دوو دەریای سەروو و خواروو دەکەن.
توێژەران پێیان وایە مەبەست لە دەریای سەروو دەریاچەی وان و لە دەریای خوارەوە دەریاچەی ورمێ بووە.
2. ئارسێسا (Arsissa Lacus) سەرچاوە یۆنانییە کۆنەکان
جوگرافیناسان و نووسەرانی یۆنانی لە کۆندا ئەو ناوەیان بۆ دەریاچەی وان بەکارهێناوە، بەڵام سەرچاوەی زمانی و مانای راستەقینەی ئەو ناوە بە تەواوی روون نییە.
3. ئارسێن (Arsene Lacus) –کۆن
ئەمەش یەکێکە لەو ناوانەی لە سەرچاوە کۆنەکاندا بۆ دەریاچەکە بەکارهاتووە. هەندێک جار لەگەڵ ناوی ئارسێسا بۆ هەمان دەریاچە بەکارهاتووە.
4. ثۆسپیتیس (Thospitis) سەرچاوە یۆنانی و رۆمانییەکان
لە نووسینە جوگرافیاییە کۆنەکاندا، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی باتلەمەیۆسدا، ئەم ناوانە هاتوون. ئەم ناوە بە ناوی تۆشپا پەیوەست دەکرێت؛ تۆشپا ناوی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئورارتوو (ئارارات) بووە، کە لە شوێنی قەڵای ئێستای وان بوو.
5. دەریاچەی ئەخلات، سەرچاوە ئیسلامییەکانی سەردەمی ناوەڕاست
هەندێک جوگرافیناس، لەوانەش یاقووت حەمەوی، دەریاچەکەیان بە ناوی (دەریاچەی ئەخلات) ناوبردووە.
ئەو ناوەش لە ناوی شاری مێژوویی ئەخلاتەوە هاتووە، کە لە کەناری رۆژاوای دەریاچەکەیە.
6. دەریاچەی ئەرجیش
لە هەندێک سەرچاوەی مێژووییدا، دەریاچەکە بە ناوی شاری ئەرجیشەوە ناسراوە. ئەو ناوە لە ناوی ئەو شارەوە وەرگیراوە کە لە کەناری باکووری دەریاچەکە هەڵکەوتووە. ئەرجیش ئێستا شارۆچکەیەکە لە پارێزگای وان.
7. دەریای تەڤان - سەردەمی عوسمانی
لە هەندێک سەرچاوەی عوسمانیدا، دەریاچەکە بە ناوی (دەریای تەڤان) هاتووە. ئەو ناوەش لە ناوی شاری تەڤان وەرگیراوە.
8. دەریای وان - سەردەمی عوسمانی
لە چەند سەرچاوەیەکی عوسمانیدا، ناوی (دەریای وان) بەکارهاتووە. ئەم ناوە پەیوەندیی بە شاری وانەوە هەیە و بەهۆی گرنگیی ئەو شارەوە بۆ دەریاچەکە بەکارهاتووە.
9. دەریای ڤاسپوراکان (Vaspurakan Sea)
لە هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئەرمەنییدا، دەریاچەکە بە ناوی ناوچەی ڤاسپوراکانەوە ناسراوە. ڤاسپوراکان ناوی ناوچەیەکی مێژوویی و شانشینێکی ئەرمەنی بووە.

.jpeg&w=3840&q=75)