رووداو دیجیتاڵ
هەردی سەلاح، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە یەکەم لێدوانیدا لەدوای کشانەوەی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، "پەکخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان." دەشڵێ، "بە قەناعەتی خۆم هاتووم بۆ دانیشتنەکە و گوشارم لەسەر نەبووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 هەردی سەلاح لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەنێو پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە بە شانازییەوە هاتووم بۆ کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان."
هەردی سەلاح گوتیشی، "باشترین شوێن بۆ پێکهاتنی لایەنە سیاسییەکان، پەرلەمانی کوردستانە. یانی چی پەرلەمان دابخەیت و لە دەرەوەی پەرلەمان گفتوگۆ بکەیت، ئەمە ئەوپەڕی سوکایەتییە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، "داوا دەکەم کاتێک پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە، دەستوورێک بنووسرێتەوە کە بەندێکی تێدابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدات بتوانێت پەرلەمان لەکاربخات."
سەبارەت بەوەی گوشاری لەسەربووە، هەردی سەلاح گوتی، "نەخێر بەوپەڕی قەناعەتەوە هاتووم بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و هیچ گوشارێکم لەسەر نەبووە. باشترین بڕیار و ئەرکی نیشتمانی ئەوەیە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە."
دوێنی سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 هەردی سەلاح، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندبوو، "لە ئەمڕۆوە هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەماوە و لەمەودا وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان کار دەکەم."
.jpg&w=3840&q=75)
